ترەمپ خانمێكی كوردی بۆ پۆستی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بولگاریا دەستنیشانكرد

- 6/19/2019 11:38:00 AM 6498 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی خانمێكی كوردی تاراوگەی بە نوێنەری باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بولگاریا دەستنیشانكرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا خانمێكی كوردی تاراوگەی بە ناوی هێرۆ قادر وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بولگاریا دەستنیشانكردوە.

ئەو خانمە كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ ئێستادا وه‌ك جێگری سه‌رۆكی تیمی دیپلۆماسی باڵوێزخانه‌ی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئه‌مریكا و كاربه‌ڕێكه‌ری باڵوێزخانه‌كە له‌ پورتوگال كار ده‌كات.  

بەپێی زانیاریەكان، ئەو خانمە كوردە لە ماوەی رابردودا له‌گه‌ڵ تیمی ڕاوێژكار و یاریده‌ده‌رانی جێگری سه‌رۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەل تیمی كۆشكی سپی ئەو وڵاتەدا كاریكردوه‌.

هێرۆ قادر هاوكات  براوه‌ی خه‌ڵاتی به‌ناوبانگی (Matilda W. Sinclaire Award)ه‌ كه‌ تایبەتە بە شاره‌زایی له‌ زمانه‌ جیهانییه‌كان دا، لەكاتێكدا ئه‌م دیپلۆماتكاره‌ كورده‌ نۆ زمانی گرنگی جیهان ده‌زانێت و له‌ نێویشیاندا ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، ڕوسی، هیندی، توركی، ئیسپانی، یۆنانی و فارسی به‌ باشی قسه‌ ده‌كات.

هێرۆ قادر لە دایكبوی ساڵی 1973ی شاری هه‌ولێرە و ساڵی 1976 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی چونەتە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە ئێستادا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌رە له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP