هەواڵی ئەمڕۆ

"بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چه‌ند مه‌رجێكمان هه‌یه‌"
كوێستان محه‌مه‌د: یەکێتی چەندینجار داوای کردوە لەگەڵ گۆڕان کۆببێتەوە

- 6/19/2019 10:53:00 AM 6145 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگەیاند، چه‌ندین جار له‌ ئاستی باڵا یه‌كێتی داوای كردوه‌ سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات و له‌گه‌ڵی كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام "ئێمه‌ ڕه‌فزمان كردون و ئاماده‌نین له‌گه‌ڵییان دابنیشین، بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چه‌ند مه‌رجێكمان هه‌یه‌".
پێشنیار كراوه‌ لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی یان شه‌ش كه‌سی دروست بكرێت له‌ گۆڕان و یه‌كێتی و پارتی

 

كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبارەی کۆبونەوەی دوێنێیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌ راده‌ستكردنی ناوی كاندیده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ كاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێكهنانی حكومه‌ت، ته‌وه‌ری دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت بو به‌ نوسینه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وا پێشنیار كراوه‌ لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی یان شه‌ش كه‌سی دروست بكرێت له‌ گۆڕان و یه‌كێتی و پارتی، كارنامه‌كه‌ بریتی بێت له‌به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنییان به‌خه‌ڵك داوه‌ تێیدا ڕه‌نگبداته‌وه‌ و له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌ ئاماده‌ بكرێت".
 دەبێت کاندیدەکانمان كه‌سێك نه‌بێت خۆفرۆش بێت دواتر بۆ ئیمتیازی بچوك و هه‌ندێك شتی تر خۆی بفرۆشێت

 

لەبارەی مه‌رجی كاندیده‌كانیان كوێستان محه‌مه‌د ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر جڤاتی گشتی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای ئاماده‌كردبو، ڕاسپارده‌ی كرد بۆ جڤاتی نیشتمانی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كردوەته‌ بڕیار ئه‌وانه‌ چونه‌ته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كار، له‌و بنه‌مایانه‌ له‌ هه‌موی گرنگتر دڵسۆزییه‌ بۆ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ گۆڕان به‌خه‌ڵكی داوه‌، جددیه‌تی كاركردنه‌ بۆ ئه‌و پره‌نسیبانه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕوای پێیه‌تی، كه‌سێك نه‌بێت خۆفرۆش بێت دواتر بۆ ئیمتیازی بچوك و هه‌ندێك شتی تر خۆی بفرۆشێت".
 ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ بچێته‌ ئه‌و پۆستانه‌ دواتر ئاسانتر ده‌كڕدرێن

 

كوێستان محه‌مه‌د ره‌تیكرده‌وه‌، به‌ڵێنیان له‌ كاندیده‌كانیان وه‌رگرتبێت كه‌ پاش وه‌رگرتنی پۆست واز له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌هێنن، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت، "نه‌به‌ڵێننامه‌ وه‌رگیراوه‌ نه‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام پێویسته‌ لیژنه‌ی باڵا وردبین بن له‌ده‌ست نیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ پۆسته‌كان، كه‌ خه‌ڵكی دڵسۆز بن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌چن ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرن نه‌ك خه‌ڵكی پۆست په‌رست بن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ بچێته‌ ئه‌و پۆستانه‌ دواتر ئاسانتر ده‌كڕدرێن".
له‌ دوای 12/5ی ساڵی رابردو كه‌ یه‌كێتی به‌ به‌رنامه‌ هێرشیكرده‌ سه‌ر مه‌كۆكانمان له‌ سلێمانی و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ

 

كوێستان محه‌مه‌د لەبارەی پەیوەندیەکانی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی رونیکردەوە، "له‌ دوای 12/5ی ساڵی رابردو كه‌ یه‌كێتی به‌ به‌رنامه‌ هێرشیكرده‌ سه‌ر مه‌كۆكانمان له‌ سلێمانی و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ له‌وكاته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه‌، تا ئێستا یه‌كێتی چه‌ندین جار داوایان كردوه‌ كه‌ سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن بكه‌ن، به‌ڵام گۆڕان ئاماده‌نه‌بوه‌ له‌گه‌ڵییان دابنیشێت و پێشوازی له‌ شاندی یه‌كێتی بكات".
باوه‌ڕناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێكی دواكه‌وتو و دیكتاتۆر حیزب میلیشیاكانی بنێرێته‌ سه‌ر حیزبكی تر و پاسه‌وانێكی شه‌هید بكات

 

لەبارەی روداوی هێرشکردنە سەر گۆڕان و کوشتنی پاسەوانێکی گۆڕان کوێستان محەحەد رونیکردەوە، "باوه‌ڕناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێكی دواكه‌وتو و دیكتاتۆر حیزب میلیشیاكانی بنێرێته‌ سه‌ر حیزبكی تر و پاسه‌وانێكی شه‌هید بكات، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاڵۆزكردوه‌ و خراپتری كردوه‌ له‌وه‌ی پێشتر هه‌بوه‌".

ڕاشیگه‌یاند" پێش ئه‌و ڕوداوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌رپرسێكی یه‌كێتی تەلەفۆنی كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر گرده‌كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردو نه‌ پۆلیس بون نه‌ ئاسایش نه‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ یاساییه‌كان میلیشیان، من نازانم كێ بون، به‌ڵام پێش ڕوداوه‌كه یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ گۆڕان كرد".

بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مه‌رجمان هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ مه‌رجی نوێشمان هه‌بێت

كوێستان محه‌مه‌د راشیگەیاند، "بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك مه‌رجمان هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌مو سزا دراوه‌ سیاسیه‌كانمان سزاكه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت و بچنه‌وه‌ شوێنی خۆیان، هەروەها چوار ڕێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان، ده‌بێت ئه‌وانه‌ جێ به‌جێ بكات، ئه‌م مه‌رجانه‌ش تا پێش ڕوداوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردو بو، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆچونی خۆمه‌ زانیاری نیه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ گۆڕان دوای ئه‌و ڕوداوه‌ و ته‌قانه‌ مه‌رجی تری ده‌بێت ئه‌ویش ڕاده‌ستكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕێبه‌ندییان شه‌هید كردوه‌".
له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زۆرینه‌مان هێناوه‌، ئه‌وه‌ نه‌ خێره‌ نه‌ به‌خشش 

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی گۆڕان ده‌شڵێت، "له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زۆرینه‌مان هێناوه‌، ئه‌وه‌ نه‌ خێره‌ نه‌ به‌خشش كه‌ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای ئێمه‌یه‌، ده‌بو نه‌ك دو ساڵی كۆتایی ده‌بو هه‌ر چوار ساڵه‌كه‌ ئه‌و پۆسته‌ لای ئێمه‌ بوایه‌، له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌زار و 30 پۆست هه‌یه‌ له‌م ڕێژه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ زۆرینه‌ین ده‌بو نیوه‌+ 1 ی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌ بوایه‌، كه‌چی ته‌نها 30 پۆستمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌".
ئه‌گه‌ر بچیته‌ ئاسایشی سلێمانی یه‌ك كه‌س نادۆزیته‌وه‌ یه‌كێتی نه‌بێت

 

رونیشیکردەوە، "واقیع به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ هێز به‌ده‌ستی حیزبه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بچیته‌ ئاسایشی سلێمانی یه‌ك كه‌س نادۆزیته‌وه‌ یه‌كێتی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ شه‌و و ڕۆژێك ئه‌م واقیعه‌ بگۆڕین پێمان ناگۆڕێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP