بە موشەک هێرشکرایە سەر ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی نەوت لە بەسرە

- 6/19/2019 8:41:00 AM 5213 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەسرە رایگەیاند، ئەمڕۆ بە موشەک هێرشکرایە سەر ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی نەوت کە یەکێک کۆمپانیاکان ئێکسۆن مۆبیل-ی ئەمریکییە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەسرە رایگەیاندوە، موشەکەکە لە شوێنی نیشتەجێبون و کارکردنی کۆمپانیاکان کەوتوەتە خوارەوە لە ناوچەی ئەلبرجسیە لە رۆژئاوای بەسرە و بەهۆی روداوەکە دو کارمەندی عێراقی برینداربون.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی نزیکەی 20 کارمەندی بیانی کۆمپانیاکە ناوچەکە جێبهێڵن، بەرپرسانی بواری نەوتیش رایانگەیاندوە، کۆمپانیا بیانیەکانی وەکو رۆیاڵ داچ و شیل ئینی ئیتاڵی لە ناو ئەو کۆمپانیایانەدا بون کە بە ئامانج گیراون.

بەرپرسانی پۆلیسی عێراقیش رایانگەیاندوە،  ئەو موشەکەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراوە کاتیۆشای کورت مەودا بوە و لەو دوری 100 مەتر لە ناوچە نیشتەجێی و کارکردنی کۆمپانیاکان کەوتوەتە خوارەوە.

ناوچەی ئەلبرجسیە نزیکە لە کێڵگەی نەوتی زوبیر کە کۆمپانیای ئینی ئیتاڵی کاری تێدا دەکات.

مانگی رابردو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بەهۆی بڕیاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ کشانەوەی کارمەندە دیپلۆماتییەکان لە عێراق ژمارەیەک کارمەندی خۆی گەڕاندەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام دواتر گەڕانەوە بۆ عێراق و ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئامادەکاری دەکات 20 کارمەندی کۆمپانیاکە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمریکا.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP