موچەی پێنج وەزارەت و دەستە دابەش دەکرێت

- 6/19/2019 8:37:00 AM 34233 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگ ئازاری رابردو لە کۆتایی نزیکبوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی  پێنج وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌كان دابه‌ش ده‌كرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە خەندان-ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی هەریە لە وه‌زاره‌ته‌كانی‌ شاره‌وانی‌، كاره‌با، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، پلاندانان، كشتوكاڵ دابەش بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ موچەی هەریەکە لە دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی، مافی‌ مرۆڤ، ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان، ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌، ژینگه‌، ناوچه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم، ده‌زگای‌ مین و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی‌ له‌ هه‌رێم دەدرێت.

16ی ئەم مانگە 522 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلاین وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر حسابی بانكی هەرێم بۆ موچەی مانگی حوزەیران، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم موچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی پێدابەش دەکات.

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە پێنج مانگ تا ئێستا وەزارەتی دارایی تەنها دو موچەی ئەمساڵی بە تەواوی دابەشکردوە، ئەوەش لەکاتێکدایە وەزارەتەکە بڕیاریداوە 30 رۆژ جارێک موچە دابەش بکات بەبێ پەیڕەوکردنی سیستمی پاشەکەوتی موچە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP