داواکاری گشتی میسر راگەیەنراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی مورسی بڵاوکردەوە

- 6/17/2019 10:59:00 PM 44469 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
داواکاری گشتی میسر راگەیەنراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی مورسی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە مورسی لەبارێکی تەندروستی جێگیردا هێنراوەتە دادگا و لیژنەیەکیشی لەپزیشکی دادوەری راسپارد بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ پاش گیانلەدەستدانی محەمەد مورسی سەرۆکی پێشوی میسر لەهۆڵی دادگا، داواکاری گشتی میسر راگەیەنراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کردوە، کە مورسی لەبارێکی تەندروستی جێگیردا هێنراوەتە دادگا و لیژنەیەکیشی لەپزیشکی دادوەری راسپارد بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی.

لە راگەیەنراوەکەی داواکاری گشتی میسردا هاتوە، مورسی لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە هێنراونەتە ناو قەفەزی تاوان و پێنج خولەک قسەیکردوە، دواتر لەسەرخۆچوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو پشکنینە سەرەتاییانەی کە لەدادوەری پزیشکی ئەنجامدراون و ئەو بەڵگە ڤیدیۆیانەی کە لەبەردەستیاندایە پێشتر مورسی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبوە، لێدانی دڵی ئاسایی بوە، تەنگە نەفەسی نەبوە و چاوەکانیشی ئاسایی کراونەتەوە، هیچ ئاماژەیەکی لێدان و سزادانیش بەجەستەیەوە نەبوە.

داواکاری گشتی راشیگەیاندوە لیژنەیەکیان لەدادوەرانی پزیشکی راسپاردوە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی مورسی ئامادەبکەن و رای گشتی لە راستی روداوەکە ئاگادار بکەنەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی میسر بڵاویکردەوە، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو هۆڵی دادگا و لەکاتی دادگایکردندا، محەمەد مورسی سەرۆکی پێشوی میسر کۆچی دوای کرد.

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد مورسی پاش جەلسەیەکی چڕوپڕی دادگایکردن کە 20 خولەکی خایاندوە لەسەرخۆی چوەو دواتر کۆچی دوایکردوە.

مورسی تەمەن 67 ساڵ لەساڵی 2012 و پاش شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و لەسەرکار لابردنی حوسنی موبارەکی سەرۆکی 30 ساڵەی ئەو وڵاتە، بوە یەکەم سەرۆکی هەلبژێردراوی میسر.

دواتر پاش خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەری و لەرێگای کودەتایەکی سەربازییەوە، لەمانگی تەموزی 2013 لەدەسەڵات دورخرایەوە و بەتۆمەتی پێشکەشکردنی زانیاری نادروست لەکاتی کاندیدبونیدا دەستگیرکراو سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. 

مورسی لەدادگای تاوانەکانی قاهیرە لەگەڵ 23 زیندانیکراوی تر بەتۆمەتی پەیوەندیان لەگەڵ رێکخراوی حەماس دادگای کراوە و پاش تێکچونی باری تەندروستی مورسی، دادگا دانیشتنەوەی بۆ سبەینێ دواخستوە.
 

نیشانەکردن :

#میسر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP