بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی "تەحەدای" هەڤاڵ ئەبوبەکر و ئەحمەد جۆڵا دەکات

- 6/17/2019 12:18:00 PM 102602 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عه‌میدی‌ ئاسۆ شێخ ته‌ها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی "تەحەدای" د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا دەكات، كه‌ بچنه‌ بانكی‌ خوێن‌و خوێن ببه‌خشن‌و به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا بكه‌ن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، عه‌میدی‌ ئاسۆ شێخ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ خوێن به‌خشیندا كرد بۆ نه‌خۆشانی‌ تالاسیمیاو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ پێویستیان به‌خوێنه‌.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "به‌خشینی‌ خوێن بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ پێویستیانه‌ ئه‌ركێكی‌ مرۆڤایه‌تییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌توانن‌و نه‌خۆش نیین، داوایان لێده‌كه‌م هاوكاربن‌و بێن‌و خوێن ببه‌خشن".

عه‌میدی‌ ئاسۆ شێخ ته‌ها راشیگه‌یاند، "به‌پێی‌ خشته‌یه‌ك مانگانه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ر و پۆلیس ده‌نێرین بۆ بانكی‌ خوێن تا خوێن ببه‌خشن به‌نه‌خۆشانی‌ تالاسیمیاو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ پێویستیان به‌خوێنه‌".

به‌رێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ سلێمانی داوای‌ له‌ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌‌و هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د جۆڵا كرد، كه‌ بچنه‌ بانكی‌ خوێن‌و خوێن ببه‌خشن‌و به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا بكه‌ن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP