سێ ڕۆژ دوای خنکانی تا ئێستا تەرمی منداڵێک نەدۆزراوەتەوە

- 6/16/2019 5:44:00 PM 8567 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای سێ رۆژ لە كەوتنە ئاوی گەروی سەكران، تا ئێستا تیمەكانی بەرگری شارستانی سۆران نەیانتوانیوە تەرمی منداڵە چوار ساڵەكە بدۆزنەوە.

ڕۆژی 14 ی ئەم مانگە منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ لە قەزای چۆمان لەگەڵ خێزانەکەی کەخەڵکی چەمچەماڵ بون، بە مەبەستی گەشتكردن ڕویان لە ناوچەكە كردبو لەناو گەروی سەكران خنکا، تا ئێستاش نەتواندراوە تەرمەكەی بدۆزرێتەوە.

عەمیدی مافپەروەر، عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە خەندان-ی ڕاگەیاند، "تیمەكانی مەلەوانی بەرگری شارستانی سۆران ماوەی سێ ڕۆژە سەرقاڵی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکەی چەمچەماڵن، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە".

ئەو منداڵە ناوی (ئارام هێمن ئیسماعیل)بوەو تەمەنی چوار ساڵ بوەو خەڵكی قەزای چەمچەماڵن، بە وتەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بەمەبەستی گەشتكردن رویان لە ناوچەكە كردوە، لە ئێستاشدا تیمەكانیان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی منداڵەكەدا.

ساڵانە لەوەرزی هاویندا گەشتیارێکی زۆر ڕودەکەنە ئەو ناوچانەی کە ڕوبار و چەمی لێیە بەمەبەستی مەلەوانی، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی ناوچەکە و مەلەکردنەوە زۆرجار توشی حاڵەتی نەخوازراو دەبن.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP