بەپەلە

"هەرێم واستەی كردوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم"
غالب محەمەد: ناكرێت ئێمە خەڵك بدەینە دادگا و بە رێكەوتنی بارزانی و عەبدولمەهدی ئازادبكرێت

- 6/16/2019 5:08:00 PM 41973 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، نەجمەدین كەریم بە واستەی هەرێم ئازادكراوە و دەشڵێت، ناكرێت ئێمە خەڵك بدەینە دادگا و بە رێكەوتنی بارزانی و عەبدولمەهدی ئازادبكرێت.

ئەمڕۆ نه‌شوان جه‌لال، سكرتێری نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "دوێنی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم راسته‌وخۆ له‌ رێگای فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ته‌واو بو"، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر پۆلیسی ئینتەرپوڵی عێراق رایگەیاندبو نەجمەدین كەریم لە بەیروت دەستگیركراوە.

لەو بارەیەوە غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"لە خولی پێشو لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دنیایەك بەڵگەنامەی داوەتە دەستەی نەزاهە، دەستەی نەزاهەش فەرمانی گرتنی بۆ نەجمەدین كەریم دەركردوە، دواتر ئەم پیاوە لە بەیروت گیراوە، ئەمەش بەپێی لێدوانەكانی پۆلیسی ئینتەرپوڵی عێراق، خێرە ئێستا بە رۆژی روناك گەیشتۆتەوە هەولێر".

ئازادكردنی نەجمەدین كەریم ئەوە دەگەیەنێت حكومەتی عێراق فاشیلە، ئەو لیژنە باڵایەی روبەروبونەوەی فەساد كە لەسەر قسەی مەرجەعیەت دروستكراوە لە عێراق، بون و نەبونی وەكو یەك وایە

 

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،"ئازادكردنی نەجمەدین كەریم ئەوە دەگەیەنێت حكومەتی عێراق فاشیلە، ئەو لیژنە باڵایەی روبەروبونەوەی فەساد كە لەسەر قسەی مەرجەعیەت دروستكراوە لە عێراق، بون و نەبونی وەكو یەك وایە، چونكە یەكێك لە ئەركەكانی ئەوەیە هەركەسێك لەدەرەوەی عێراق گیرا بهێنرێتەوە، نەك كە گیرا ئازادبكرێت.

ناكرێت ئێمە بەڵگەنامە كۆبكەینەوە و خەڵك بدەینە دادگا، دوای ئەوە سەیر ئەكەین لە كۆتاییدا بە رێكەوتنێكی مەسعود بارزانی و عادل عەبدولمەهدی ئازادبكرێت

 

ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز وتیشی،"داواكارم لە پەرلەمان، لە لیژنەی نەوت و غاز، لە هەمو لایەنەكان، بێنە سەر خەت لەسەر ئەم بابەتە، ناكرێت ئێمە بەڵگەنامە كۆبكەینەوە و خەڵك بدەینە دادگا، دوای ئەوە سەیر ئەكەین لە كۆتاییدا بە رێكەوتنێكی مەسعود بارزانی و عادل عەبدولمەهدی ئازادبكرێت".

دەربارەی ئەوەی زانیاری هەیە كە ئەمە رێكەوتنی نێوان مەسعود بارزانی و عادل عەبدولمەهدیـە، وتی،"ئەمە رونادات لە پۆلیس و دادگای عێراق هەتا پشتی نەبێت، لە پێشودا دەیان كەسی تر گیران و گەڕێنرانەوە بۆ عێراق بۆ نمونە فەلاح سودانی كە وەزیریش بو، خێرە نەجمەدین كەریم ئازادكراوە، ئەگەر ئەو بەڵگەنامانە راست بێت یان درۆ، ئەبێت بێتەوە لە دادگای خۆی بسەلمێنێت كە تۆمەتەكان راستە یان نا، بەڵام ئەو هەر نەهاتۆتە دادگا".

سەبارەت بەوەی تاچەند لەروی یاساییەوە دەبێت هەرێم پابەند بێت بە دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق رایگەیاند،"هەرێمی كوردستان خۆی ئازادی كردوە و خۆی "واستە"ی كردوە بۆ ئەوەی ئازادبكرێت، بەڵام بەپێی یاسا فەرزە لەسەر هەرێمی كوردستان كە دەستگیری بكات، چونكە بەشێكە لە عێراق، یاساكان فیدڕاڵی و مەركەزین، دەبێت كاتێك كەسێك دەستگیردەكرێت، بنێردرێتەوە بۆ ئەو دادگایەی فەرمانی گرتنەكەی بۆ دەركردوە".

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP