سەبارەت بە سزاكانی بۆ سەر ئێران، واشنتن سێ مانگی دیكە مۆڵەت دادەتە عێراق

- 6/15/2019 6:36:00 PM 2808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چەند سەرچاوەیەكی حكومی عێراق رایانگەیاند، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سزاكانی بۆ سەر بەرهەم و سەرچاوە هەناردەكانی ئێران، ماوی چەند مانگێكی دیكە مۆلەتی داوە بە عێراق تا سەرچاوەی وزە لەو وڵاتە وەربگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، دو سەرچاوەی حكومی لە حكومەتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرز-یان راگەیاندوە "ویلایەتە یەكگرتوەكان ماوەی سێ مانگی دیكە مۆڵەتی داوە بە عێراق، بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی لە كەرتی وزەدا، غاز لە ئێرانەوە هاوردە بكات.

سەرچاوەیەكی دیكەش رایگەیاندوە "ئەو بریاڕەی واشنتن بۆ بەغدا، لەمیانی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی نێوان مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بەغدا گەیەندراوە".

لەوبارەیەوە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس- لە زاری چەند بەرپرسێكی عێراقیەوە رایگەیاندوە، "ئەو بڕیارەی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە رێكەوتی 19ی حوزەیرانەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هاوردەی غازی سروشتی و وزەی كارەبایی لە ئێران دەگرێتەوە".

پێشتریش لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا، ئیدارەی واشنتن چەندین جار مۆڵەتی داوە بە عێراق هەناردەی ئێران وەربگرێت، لە هەمانكاتدا داوای لە بەغدا كردوە هەوڵبدات ژێرخانی ئابوری خۆی لە بواری وزەدا پتەوبكات و پشت بە بەرهەمەكانی خۆی ببەستێت، تا پێویستی بە وزەی ئێران نەبێت".

دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، ساڵی 2015 لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران كشایەوە، مانگی ئایاری ساڵی رابردودا سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەردو وڵات بەردەوامە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP