بەپەلە

رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی: بۆردومانی فڕۆكەخانەی ئەبها پێشێلكردنی یاساكانی جەنگە

- 6/15/2019 5:23:00 PM 1831 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێكخراوی جیهانی HRW بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بۆردومانی فڕۆكەخانەی ئەبها لە لایەن حوسیەكانی یەمەن-ەوە، پێشێلكردنی یاساكانی جەنگە.

لە راگەیەندراوێكیدا، رێكخراوی HRW (هیومان رایتز واچ) رەخنەی لە هێرشەكانی حوسەیكانی یەمەن گرت، كە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا زیاتر لە جارێك هێرشیان كردوەتە سەر فڕۆكەخانەی ئەبها-ی نێودەوڵەتی لە سعودیە، ئەو هێرشە ئاسمانیانەشی بە (پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ) ناوبرد.

مایكڵ بیج، جێگری بەڕێوەبەری ئەو رێكخراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند "پێویستە حوسیەكان سەرجەم هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە سیڤیلەكانی سعودیە رابرگرن، چونكە ئەو هێرشانەی كە هاوپەیمانی یەمەن بە نایاسایی دەیكەن، نابێتە بەهانە بۆ هێرشكردنە سەر خەڵكی سیڤیل-ی سعودیە".

بەڕێوەبەری رێكخراوەكەش ئاماژەی بەوەكرد، "كوشتنی خەڵكی سیڤیل-ی یەمەن بە دەستی سعودیە و هاوپەیمانانی، بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەهانە بۆ هێرشە ئاسمانیەكانی حوسیەكان بۆ سەر خەڵكی سیڤیل".

ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی رێكخراوی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردودا حوسیەكانی یەمەن زیاتر لە جارێك لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی ئاسمانیان كردوەتە سەر چەند ناوچەیەكی سعودیە، كە لە سەرتادا چەند پێگەیەكی نەوتی ئەو وڵاتە بە ئامانجگیران، دواتریش چەند ناوچەیەك كە خەڵكی سیڤیل-ی تێدابو، لە لایەن حوسیەكانەوە پێكرا.

نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP