"لەمساڵدا شەش موچە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە"
پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لە مەسرور بارزانییەوە لێپرسینەوە دەستپێدەکەین

- 6/15/2019 3:26:00 PM 12471 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان دەستپێکردوە بۆ جوڵاندنی دۆسیەی نەوت و لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند، دەشڵێت، "لە سەرۆکی راسپێردراوی کابینەی نۆیەمی هەرێمەوە دەستپێدەکەین".
بێدەنگ نابین لە بەرامبەر گەندەڵی وەزیر و بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

 

غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێمە بێدەنگ نابین لە بەرامبەر گەندەڵی وەزیر و بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، نەک نێچیرڤان بارزانی بەڵکو بۆ لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی ڕاسپێڕدراو بۆ حکومەت دەستپێدەکەین".
چۆن ئێمە لە مەسرور بارزانیەوە دەستمانپێکردوە با ئەوانیش لە منەوە دەستپێبکەن و بماندەن بە دادگا

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمو سەروەت و سامانی پارتی بدرێت بە ئێمە کۆڵ نادەین و بەرپرسان دەدەینە دادگا، چۆن ئێمە لە مەسرور بارزانیەوە دەستمانپێکردوە با ئەوانیش لە منەوە دەستپێبکەن و بماندەن بە دادگا لەسەر هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی".
هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ و نەوت لێكتێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ و به‌مزوانه‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم پێكدێت

 

ئەو لێدوانەی غالب محەمەد لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، "هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ و نەوت لێكتێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ و به‌مزوانه‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم پێكدێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ كرێگیراوانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ به‌غدا خه‌ریكی پیلان گێرانن جگه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری و ڕوڕه‌شی هیچیان بۆ نامێنێت".
حكومه‌تی داهاتو دو ڕویی له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكات

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی هۆشداریشی دایە بەرپرسانی گۆڕان و وتی، "حكومه‌تی داهاتو دو ڕویی له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكات".
حیزبەکەی ئێمە بۆ ئەوە دروست نەبوە کە پارتی دزی کرد بێدەنگ بێت، ئێمە لە دەستەی دامەزرێنەرانین و پشتگیری تەواوی حیزبمان هەیە

 

غالب محەمەد سەبارەت بە ڕێکەوتنی سیاسی گۆڕان و پارتی دەڵێت، "حیزبەکەی ئێمە بۆ ئەوە دروست نەبوە کە پارتی دزی کرد بێدەنگ بێت، ئێمە لە دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڕانین و پشتگیری تەواوی حیزبمان هەیە، ئێمە پەیوەندیمان بە ژوری حکومەت و پەرلەمانەوە هەیە و تا ئێستاش هیچ ناڕەزایەتیەکیان نەبوە لەسەر کارەکانمان".
لەمساڵدا شەش موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام تەنیا دو موچەی دراوە بە فەرمانبەران

 

لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە غالب محەمەد رونیکردەوە، "تا ئێستا لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە شەش موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام تەنیا دو موچەی دراوە بە فەرمانبەران".

چەند رۆژێکە پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی پارتی و گۆڕان لێدوانی توند دژی یەکتر دەدەن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی راگەیاندنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کە هەردو حزب رێککەوتنیان لەبارەوە واژۆکردوە.

نیشانەکردن :

#پارتی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP