بەپەلە

"تۆمەتەکانی ئەمریکا بۆ ئێران جێی نیگەرانیە"
ئێران: ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی ئاسایشی گەروی هورموز

- 6/15/2019 9:28:00 AM 2808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرپرسە لە ئاسایشی گەروی هورموز، دەشڵێت، تۆمەتبارکردنی ئێران بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دو کەشتیەکەی کەنداوی عومان جێی نیگەرانییە.
ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی ئاسایشی گەروی هورموز و لە کەمترین کاتدا ستافی هەردو کەشتیەکەمان ڕزگارکرد

 

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران  لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی ئاسایشی گەروی هورموز و لە کەمترین کاتدا ستافی هەردو کەشتیەکەمان ڕزگارکرد، تۆمەتەکانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئێران جێی نیگەرانیە".

پێنجشەممەی رابردوی 13ی مانگ، هێرشکرایە سەر دو كەشتی نەوت لە كەنداوی عومان دواتریش بەرپرسانی ئەمریکا ئێرانیان لە روداوەکە تۆمەتبار کرد و دوێنێ هەینیش سوپای ئەمریكا گرتە ڤیدیۆیەكی لەبارەی روداوەکەوە بڵاوکردەوە.
تۆمەتەکانی ئەمریکا بۆ ئێران نرخی نەوتی بەرزکردەوە

 

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەڵێن، ئێران بەرپرسیارە لە هێرشەکانی سەر دو کەشتیەکەی کەنداوی عومان، ئەوەش بوەهۆی ئەوەی نرخی نەوت زیاد ببێت و ترسەکانی روبەڕوبونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا سەرلەنوێ سەری هەڵدایەوە، بەڵام تاران بەتەواوەتی ئەوەی رەتکردەوە.
تا ئێستا نەزانراوە چی بەسەر دو کەشتیەکەدا هاتوە

 

تا ئێستا نەزانراوە چی بەسەر دو کەشتیەکەدا هاتوە، کە یەکێکیان فڕەنت ئاڵتێری نەرویجییە و ئەوی دیکەیان کوکوکا کاریدجسی ژاپۆنییە، هەردو کەشتیەکە تەقینەوەیان تێدا رویدا و ئەوەش ستافی کەشتیەکانی ناچار کرد لە ئاوی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێراندا کەشتیەکان جێبهێڵن.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP