مایك پۆمپیۆ و عادل عەبدولمەهدی پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
"لە هەوڵدانی بۆ پاراستنی سەقامگیری، پۆمپیۆ رۆڵی عێراقی بەرزنرخاندوە"

- 6/15/2019 12:11:00 AM 2427 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا،وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیەكیان ئەنجامدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق-یش داوایكرد گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان كەمبكرێتەوە. 

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیەكی تەلەفۆنی ئەنجامدا و لەمیانی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا عادل عەبدولمەهدی داوایكرد "هەوڵبدرێت ئالۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئێران كەمبكرێتەوە و دۆخی ناوچەكە هێوربكرێتەوە".

لەوبارەیەوە، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندوە "هەریەك لە مایك پۆمپیۆ و عادل عەبدولمەهدی، لەبارەی بەرزڕاگرتنی پەیوەندیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و عێراق گفتوگۆیانكردوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "هەردولا لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە و قەیرانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئێران روانگەی خۆیان خستوەتەڕو، لەوباریەوە عەبدولمەهدی داوایكردوە دۆخی ناوچەكە هێوربكرێتەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا مایك پیۆمپیۆ لەبارەی نێوەندگیری و هاوسەنگ راگرتنی ناوچەكە وئەو پەیوەندیە جۆراوجۆرەی لەگەل وڵاتانی عەرەبی هەیەتی، لەگەڵ هەوڵدانی بۆ پاراستنی سەقامگیری و دوركەوتنەوە لە گرژی و ئاڵۆزی رۆڵی عێراقی بەرزنرخاندوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP