وەڵامی سەرکردەکانی پارتی دەداتەوە
عەلی حەمە ساڵح: به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت مانای بێده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌کانمان نیه‌

- 6/14/2019 1:41:00 PM 22564 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی سەرکردەکانی پارتی دەیەوە و رایگەیاند، به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت مانای بێده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌کانمان نیه‌.

ئەمڕۆ لە هەواڵێكدا خەندان هەڵوێستی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بڵاوكردەوە كە رایگەیاندبو، حكومه‌تی داهاتو دو ڕویی له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكات، دەشڵێت گۆڕان كه‌ بریاره‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم به‌شداربێت، ده‌بێ به‌ ڕاشكاوانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی هۆشیار عه‌بدوڵای پەرله‌مانتاریان بۆ پارتی رونبكاتەوە.

لە بەرامبەردا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی حەمەساڵح، وەڵامی سەركردەكەی پارتی دایەوە و لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسبوك نوسیویەتی،"به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت ، چاوپۆشیکردن نیه‌ له‌گه‌نده‌ڵی". 
زۆر به‌ڕونی له‌ هه‌مو کۆبونه‌وه‌کانی دانوستاندا وتومانه‌، هۆکاری به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت چاکسازیه‌ و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێککه‌وتوین

 

عەلی حەمەساڵح دەڵێت،"زۆر به‌ڕونی له‌ هه‌مو کۆبونه‌وه‌کانی دانوستاندا وتومانه‌، هۆکاری به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت چاکسازیه‌ و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێککه‌وتوین، بۆ جێبه‌جێبونی پرۆژه‌کانی چاکسازیش ڕێوشوێنی پێویستمان داناوه‌، به‌ یاسای چاکسازی و دروستکردنی سندوقی داهاتی نه‌وت و ڕێکخستنی داهاتی ناوخۆ ده‌ستپێده‌کات... پاشان سێکته‌ره‌کانی دیکه‌". 

ده‌یان فایلی گه‌نده‌ڵیمان ئاماده‌کردوه‌ بۆ کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت له‌ سێکته‌ره‌ جیاوازه‌کاندا، بۆ ئه‌وه‌ی ئیجرائات بکرێت

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت،"هه‌ر به‌و نیه‌ته‌ داوای یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ کاروباری چاکسازی و وه‌زیری دارایی و به‌رپرسی سندوقی داهاتی نه‌وتمان کردوه‌..ده‌یان فایلی گه‌نده‌ڵیمان ئاماده‌کردوه‌ بۆ کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت له‌ سێکته‌ره‌ جیاوازه‌کاندا، بۆ ئه‌وه‌ی ئیجرائات بکرێت".  

عەلی حەمەساڵح كە هاوكات ئەندامی شاندی دانوستانكاری گۆڕان بو لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی، لە نوسینەكەیدا دەشڵێت،" زۆر به‌ڕونی وتومانه‌: به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت مانای بێده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌کانمان نیه‌ له‌گه‌نده‌ڵی و کاری نایاسایی و به‌فیڕۆدانی دارایی گشتی، به‌پێی ئه‌و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ یاسا به‌رکاره‌کان و پێڕه‌وی نارخۆدا هه‌یه‌ په‌رله‌مانتارانمان به‌ دواداچون بۆ کاری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان ده‌که‌ن، سه‌ره‌تا له‌ وه‌زاره‌ته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان". 
 
ناوبراو راشیگەیاند،"ئه‌گه‌ر یه‌کێک پێیوایه‌ به‌شداریکردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت مانای بێده‌نگیه‌ له‌ به‌دڕه‌فتار، به‌ دڵنیایی هه‌ڵه‌ تێگه‌شتوه‌و ئاینده‌ش ئه‌مه‌ ڕونده‌کاته‌وه‌".  

لە كۆتاییدا دەڵێت،"ئامانجی ئێمه‌ چاکسازیه‌، هه‌ر له‌م پێناوه‌ش ده‌ڵێین: چاکسازی موڵکی هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ که‌ باوه‌ڕیان پێیه‌تی یاسای بۆ ده‌رده‌که‌ن و جێبه‌جێی ده‌که‌ن".  

 

نیشانەکردن :

#گۆڕان #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP