"هەفتەی داهاتو گفتوگۆکان دەستپێدەکات"
یەکێتی، پارتی و گۆڕان لە کابینەکەی مەسرور بارزانیدا

- 6/13/2019 11:50:00 PM 13775 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو، مەسرور بارزانى کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى كابینەی تازەی حکومەتى هەرێمی كوردستان دەست بكاتەوە بەگفتوگۆ و دانوستان بە سەردانى ڕاستەوخۆ بۆ لای لایەنەکان بەمەبەستی ناردنى ناوى کاندیدەکانیان بۆ پۆستە وزارییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12 حوزەیرانى 2019، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە مەرسومێكی هەرێمی، مەسرور بارزانى کاندیدى ناوزەندكراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی هەرێم ڕاسپارد، کە پێویستە لەماوەى یەک مانگدا کابینەکەى دروستبکات، مەسرور بارزانى-ش لە ڕاگەیەندراوێکدا  دەڵێت، "هەوڵدەدەم لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا کابینەکەم بخەمە بەردەم پەرلەمانى کوردستان"

پارتی دیموکراتی کوردستان چەند جارێک دڵنیایی داوە لەوەی کەمتر لەماوەی دیاریکراوی یاسایی خۆی کابینەی نۆیەم پێکدێنێت، بەڵام یەکێتی پێی وایە بەبێ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک مەسرور بارزانی سەرکەوتو نابێت.

پێدەچێت کلیلی کردنەوەی دەرگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەسرور بارزانی لە کەرکوک بێت، هەر بەپێی زانیارییەکانی خەندان ئەو دو كاندیدەی دواین جار شاندی یەكێتی پێشكەشی پارتی كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی كراوەتەوە و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی لەسەر یەكێك لە (لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی كەركوك و خالید شوانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی) دەربڕیوە.

خەندان ئەوەشی زانیوە کە پارتی پلانی هەیە تاکو سەرجەم بەربژێرەکانی بۆ حکومەتی نوێ بگۆڕێت و ستافێکی نوێ لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیر و بەڕێوبەرە گشتیەکان دابنێت، هەرچی گۆڕان و یەکێتیە دەیانەوێت تا ڕادەیەک بەهەمان ستافی کابینەی پێشو بەشداری حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بکەن.

هەرچەندە لەماوەی ڕابردودا لەلایەن چەند سەکردەیەکی ناو حیزبەکەیەوە ڕەخنە و تێبینی زۆری ئاراستەکرا، بەڵام زانیاریەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن كە جارێکی تر قوباد تاڵەبانی ببێتەوە بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت.

"گۆڕان وەکو بێدەنگێکی سیاسی بە دۆخەکە سەیر دەکرێت"

لەدانیشتنەکانی پەرلەمان بزوتنەوەی گۆڕان وەکو هاوبەشێکی سیاسی پارتی خۆی نمایش دەکات بەجۆرێک هەر پڕۆژەیەک دێتە پەرلەمان پێکەوە لەگەل پارتی و کەمە ئاینی و نەتەوەکانی تری کوردستان دەنگی لەسەر دەدەن، ئەوەش نیگەرانییەكی قوڵی لای لایەنگرانی گۆڕان دروست كردوە، تەنانەت قادری حاجی عەلی یەكێك لە سەركردەكانی پێشوی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا وتی، لەم قۆناغەدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسی‌و ئیداری‌و ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی،  گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، ‌وە سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی.  بێئەرزشكردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموكراسییە كە پەرلەمانە لەڕوی چۆنایەتی ‌و چەندایەتی‌و هەیبەت‌و توانایەوە".

ئۆپۆزسیۆن، کشانەوە و دو ئیدارەیی ئەگەری کراوەن لەبەردەم یەکێتیدا

لەم خولەدا پەرلەمان نەبوەتە دەزگایەکی سیاسی ئومێد بەخش بۆ یەکێتی بەو پێیەی دەستپێکی کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەدڵی یەکێتییەکان نەبوە ، هەرچەندە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن مافی ئەوانە، بەڵام دواتر بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەبێ بەشداری یەکێتی وایکرد کە خوێندنەوەیەکی تری بۆ بکرێت بەوەی کە تاکە کارتی بەهێز لەبەردەم یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە بۆ فشارخستنەسەر پارتی لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: یەکێتی لەسەر پشکی کەرکوک 6 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بەڵام پارتی هیچ کورسیەکی لەو شارە نیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لەبەر ئەوە پێویسته‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ زۆرینه‌ بێت، ئه‌مەش‌ ململانێ نیه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی، بەڵام پارتی به‌داخه‌وه‌ نایه‌وێت بۆ یه‌كێتی بێت كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، وتیشی ؛ بێ ئومێد نه‌بوین له‌وه‌ی كه‌ بگه‌ین به‌ ناوێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌و ناوانه‌شی کە پێشكه‌شمان كردون هه‌مویان به‌شایسته‌ ده‌زانین، به‌ڵام هه‌وڵمان داوه‌ كه‌سێك هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌دڵی هه‌ردولا بێت.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد  دەشڵێت، "هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال ئه‌و دوو ناوه‌ن كه‌ له‌كۆتا جاردا داومانن به‌ پارتی، ئه‌گه‌ر ڕێكیش بكه‌وین له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دو ناوه‌ ڕێك ده‌كه‌وین"

سەبارەت بە ئەگەری ڕازی نەبونی پارتی بەم دو ناوەی کۆتایی بژاردەی یەکێتی چی دەبێت، ئەسەسەرد وتی: به‌رده‌وامبونی بابه‌تی به‌غدا و كه‌ركوك كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م كاریگه‌رییه‌كه‌ش له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت له‌ناوخۆی هه‌رێم و كابینه‌ی نۆیه‌م، وتیشی؛ هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ "به‌ڵام به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ین".

هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی لەماوەی 15 رۆژدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت، كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە دواین لێدوانی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگایەكی نزیك لە حزبەكەی رایگەیاندوە كە به‌ کەمتر لە ماوەی دياريكراو مەسرور بارزانی دەتوانێت کابینەکەی پێکبھێنێت، وتوشیەتی،"وەك چۆن لە کارەکانی پێشوی سەرکەوتو بوە، لە سەرۆکایەتی حکومەتیش سەرکەوتو دەبێت".

خەندان سەبارەت بە هەنگاوەكانی یەكێتی و پارتی و گۆڕان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندی كرد بە زیاتر لە 15 بەرپرسی باڵای ئەو سێ هێزە سیاسییە، بەڵام بەشێك لە پەیوەندیەكان بەردەست نەبون و بەشێكی دیكەیان بەهۆكاری دروستنەبونی لەمپەر لەبەردەم هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت ئامادەنەبون هیچ زانیارییەك بخەنەرو.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا مەسرور بارزانی دەتوانێت لەماوەی یاسایی خۆیدا، كابینەی نۆیەمی حكومەت بەبەشداری یەكێتی و گۆڕان پێكبهێنێت، یاخود وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چۆن كورسیەكەی یەكێتی پڕكردۆتەوە تا ئەو كاتەی بەتەواوی دەگەنە رێككەوتن، بە هەمان شێوە لە پێكهێنانی حكومەتیش توشی هەمان سیناریۆ دەبێتەوە و كورسیەكانی یەكێتی پڕدەكاتەوە تا ئەو كاتەی لەگەڵ یەكێتی دەگەنە رێككەوتن؟


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP