بەپەلە

"نابێت لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی ئێران ئەو روداوە بەكاربهێنرێت"
روسیا لەبارەی روداوی هێرشكردنە سەر كەشتیەكانی كەنداو هۆشداریدەدات

- 6/13/2019 7:54:00 PM 1275 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی هێرشكردنە سەر كەشتیە نەوتیەكانی كەنداو هۆشداریدا و رایگەیاند "نابێت پێشوەخت بەرپرسیاریەتیەكە بخرێتە ئەستۆی هەندێك ولاتی دیاریكراو".

سێرگی ریابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە هێرشكردنە سەر كەشتیە نەوتیەكان لە كەنداوی عومان رایگەیاند "دەمەوێت سود لەم هەلە وەربگرم و تێیدا لە ئەگەری تۆمەتباركردنی هەندێك لایەنی دیاریكراو و پێشوەخت بڕیاردان لەسەر بەرپرسایركردنی لایەنەكان هۆشداریبدەم".

ئاماژەی بەوەشكرد "لە ماوەی رابردودا لە فشاری دەرونی و سیاسی سەربازی بۆ سەر ئێران هەوڵێكی زۆرمان بینی، بۆیە نابێت ئەو روداوە تراژیدیەی لە كەنداوی عومان رویدا و بوە بازاڕی جیهانی نەوتی هەژاند، و بە مەبەستی توندتركردنی ئاڵۆزیەكان لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی ئێران بەكاربهێنرێت".

ریابكۆڤ دوپاتیشیكردەوە "پێویستە دواتر كاردانەوە سیاسیەكان و كاردانەوەكانی دیكە سەبارەت بەو روداوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت".

وتەكانی ریابكۆڤ دوای ئەوەدێت، دەیڤد مارتن، بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پاش روداوەكەی كەنداوی عومان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند "ئەگەرێكی زۆر هەیە كە ئێران هۆكاری ئەو هێرشە بێت كە ئەمڕۆ كراوەتە سەر كەشتیە نەوتیەكان".

ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو كەشتی نەوتی لە كەنداوی عومان بە ئامانجگیران و  ئەو هێرشە بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاوی جیهانی بە رێژەی لەسەدا چوار.

بەپێی زانیاریەكان، هێرشەكە لە رێگەی بۆمبێكی موگناتیسیەوە بوە و یەكێك لە كەشتیەكان بەهۆی ئەو هێرشەوە ژێرئاو كەوتوە، دواتریش ئێران رایگەیاند توانیویانە 44 كەس لە تیمی كەشتیەكان رزگاربكەن و دواتر گەیەندراونەتە بەندەری جاسك لە باشوری ئەو وڵاتە.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP