لە وەڵامی داوایەکی سەرۆک کۆماری عێراق
رێکخراوی یونسکۆ نوسینگەی ھەرێمی خۆی دەگوازێتەوە بۆ بەغدا

- 6/13/2019 2:55:00 PM 6389 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان-

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری وەڵامی ئەو داوایەی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقی دایەوە سەبارەت بە گواستنەوەی نوسینگەی ھەرێمی رێکخراوەکە لە عەمانی پایتەختی ئوردنەوە بۆ بەغدا.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری (یونسکۆ) وەڵامی ئەو داوایەی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقی دایەوە سەبارەت بە گواستنەوەی نوسینگەی ھەرێمی رێکخراوەکە لە عەمانی پایتەختی ئوردنەوە بۆ بەغدا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ھەڵوێستەی رێکخراوی یونسکۆ لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەیەدا بو کە لە نێوان سەرۆک بەرھەم و بەڕێوەبەری رێکخراوەکە خاتوو ئودری ئازولای ئەنجامدرا.

لە راگەیەندراوەکە هاتوە، سەرۆک بەرھەم، ئەو ھەنگاوەی یونسکۆی بەرزنرخاند کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ھۆکاری بەھێزکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و رێکخراوی یونسکۆ و بەرەوپێشبردنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستھاتون لە ڕێگای پشتیوانیکردنی یونسکۆ بۆ ڕەوشی پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست و شوێنەوار لە عێراقدا.

سەرۆک کۆمار رونیشیکردەوە، ئەو بەدەنگەوە ھاتنەی یونسکۆ بە ئەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی داھاتوی ڕێکخراوەکە لە عێراقدا، بەتایبەتی لە بواری بەرەوپێشبردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و مەشق و پیشەیی و تەکنیک، کە دەبێتە پاڵنەرێکیش بۆ بەرزکردنەوەی توانای کادر و کارمەندان لە کەرتە جیاجیاکانی وڵاتدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP