یەکێتی ئەوروپا لەسەر روداوی هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتییەکان هاتەدەنگ

- 6/13/2019 2:35:00 PM 10337 جار خوێندراوەتەوە

  خەندان-

 پاش هێرشکردنە سەر دو کەشتی نەوتهەڵگر لەکەنداوی عومان، ئەمڕۆ چەندین وڵات بەخێرای کاردانەوەی خۆیان بۆ روداوەکە راگەیاند و بەتوندی ئەو روداوەیان رەتکردەوە، ژاپۆن کە بەشێک لەکەرەستەکان هی ئەو وڵاتەبو، داوای لێکۆڵینەوەی زیاتردەکات، بریتانیاش رایگەیاند کە بەوردی چاودێری روداوەکە دەکەن، وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند " پێویستە هەمولایەک خۆیان لەکاردانەوەی توند بپارێزن و دان بەخۆدا بگرن.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، فیدریکا موغیرنی وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندوە ناوچەکە بەرگەی نائارامی دیکە ناگرێت و داوای لەهەمو لایەک کردوە تا ئەوپەڕی توانا دانبەخۆدا بگرن و لەکاردانەوەی خێرا خۆیان بپارێزن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دو کەشتی بارهەڵگری زەبەلاح لە کەنداوی عومان روبەڕوی هێرش بونەوە. 

لای خۆشییەوە رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە دو کەشتی نەوت هەڵگر بەهۆی روداوێکەوە بەتاڵکراون، بەڵام ستافی کەشتییەکان سەلامەتن.

رۆیتەرز ئەوەشی زانیوە دو کەشتییەکە یەکێکیان ئاڵای پاناما و ئەوی دیکەشیان ئاڵای ئاسلاندی هەڵگرتوە، تا ئێستاش زانیاری تەواو لەبارەی زیانەکانی ئەو دو کەشتیە و چۆنیەتی روداوەکە لەمیدیاکان بڵاونەکراوەتەوە.

دەستەی دەریایی بریتانی لە کەنداو پێشتر هۆشداری دابو لە روداوێکی مەترسیدار کە روبەڕوی کەشتیە بار هەڵگرە زەبەلاحەکان دەبێتەوە لەو ناوچەیە.

هاوکات، بەپێی نیویۆرک تایمز، رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بریتانیەکانی بریتانیاش  پێشوەختە هۆشداری دابو لە ئەگەری روداوێک بۆ سەر کەشتیە بار هەڵگرە زەبەلاحەکان لە کەنداوی عومان.

میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردوەتەوە، تەقینەوەیەک لە کەنداوی عومان چەند تانکەرێکی نەوتی کردوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی رونکردنەوەی زیاتر بڵاوبکەنەوە. 


نیشانەکردن :

#یەکێتی ئەوروپا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP