هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌رۆك بەرهەم: سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق گرنگی مێژویی هه‌یه‌

- 6/13/2019 2:16:00 PM 3060 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق گرنگییه‌كی مێژویی خۆی هه‌یه‌.  
 
نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازیکرد لە پاتریاركی بابلی كلدان، كاردینال مار لویس رۆفائیل ساكوی یه‌كه‌م، سه‌رۆك خۆشحاڵی خۆی دەربڕی به‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان پاپا فره‌نسیس بۆ  سەردانیکردنی عێراق لە ساڵی ئاینده‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک کۆمار چاوپێكه‌وتنی قه‌داسه‌تی پاپا و پشتیوانیكردنی له‌ عێراق و هه‌وڵه‌كانی بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی شارستانیانی نێوان گشت پێكهاته‌كانی عێراقی بیرھێنایەوە‌.  

بەپێی راگەیەندراوەکە، له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بەرهەم ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانه‌ چاوەڕوانکراوەکەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق كرد، كه ‌گرنگییه‌كی مێژویی خۆی هه‌یه‌ بۆ گه‌لی عێراق به ‌گشت پێكهاته‌كانەوە به ‌تایبه‌تی كریستیانه‌كان، هاوكات جه‌ختی له‌ ڕۆڵی كریستیانه‌كانی عێراق کردەوە وه‌ك ڕۆڵەی‌ ڕه‌سه‌نی وڵات كه ‌به‌شداریان له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شارستانیه‌تی عێراق کردوە.

هاوکات كاردینال ساكۆ رێز و پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بەرھەم كرد بۆ پشتیوانیكردنی له‌ كریسیانه‌كان و هه‌وڵه‌كانیشی له‌ پێناوی یه‌كریزی نێوان گشت ڕۆڵه‌كانی عێراق بەرزنرخاند.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باس له‌ ئاماده‌كارییه‌ پێویسته‌كان کرا بۆ پێشوازی له ‌قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، له‌گه‌ڵ تاوتوێكردنی بارودۆخی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و گرنگی سه‌قامگیری ئاسایش و باشتركردنی خزمه‌تگوزاره‌ییه‌كان بۆ هاووڵاتیان.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP