هەواڵی ئەمڕۆ

لە بەردەم پەرلەمان خۆپیشاندان ئەنجامدرا
داوا دەکرێت قەرەبوی جوتیارانی زیانلێكه‌وتو بکرێتەوە

- 6/13/2019 12:50:00 PM 2114 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

تۆڕی رێكخراوه‌ ناحكومیه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی سۆران داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەکات قه‌ره‌بوی ئه‌و جوتیارانه‌ بكرێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی سوتانی ده‌غل و دانیان زیانیان پێگه‌یشتوه‌.

تۆڕی رێكخراوە ناحكومیە مەدەنیەكانی سۆران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ژێر ناونیشانی "نا بۆ فەوتاندنی ره‌نجی جووتیاران" گردبونەوەیەكیان لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا، له‌ گردبونه‌وه‌كه‌ یاداشتێكیان ئاڕاستەی په‌رله‌مان كرد، تیایدا داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جوتیارانه‌یان كرد كه‌ ده‌غلو دانیان سوتێنراوه‌.

هاوار هەركی، نوێنەری تۆڕی رێكخراوه‌ ناحكومیە مەدەنیەكانی سۆران له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "داوا ده‌كه‌ین بەزوترین كات قه‌ره‌بوی ئەو جوتیارانه‌ بكرێت كه‌ زه‌ویه‌كانیان سوتێنراوه‌، و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومەتی ناوەند كۆببێتەوە رێگا چارەیەك  بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە  تاوەكو چیتر زیان بە جوتیاران نەكەوێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "داواكارین رەوشی ئەمنی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئاسایی بكرێتەوە و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆشایی ئه‌منی دروست نه‌بێت، كێشه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ سوتێنراون و هاوكاری جوتیاران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواری دیكه‌ی كشتوكاڵی به‌كاریانبهێنن".

هاوار هەركی وتیشی، "داوا دەکەین سندوقێكی نەختینە دروست بكرێت بۆ جوتیاران بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی جوتیاران كه‌ به‌هۆی هه‌ر روداوێك زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP