وەزارەتی کارەبا: لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان

- 6/13/2019 12:34:00 PM 3467 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17-18 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان و مۆلیدە ئەهلیەکانیش شەش کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان.
لە ئێستادا بەتێکڕا سێ هەزار و 570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت

 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆ ئاوی لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، کە لە ئێستادا بەتێکڕا سێ هەزار و 570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت".
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبا بدات بە هاوڵاتیان

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەم بڕە کارەبایە و بەرەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکشانی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ پێنج هەزار مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ناوەراستى ئەم مانگە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبا بدات بە هاوڵاتیان".
شەش کاتژمێرەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت

 

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، "شەش کاتژمێرەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت"، بەوەش کۆی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمان دەکاتە 24 کاتژمێر.
داوا لە هاوڵاتیانی دەکەین هاوکارمان بن لەکەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا

 

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندوە، "داوا لە هاوڵاتیانی دەکەین هاوکارمان بن لەکەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی هاویندا بارگرانیەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، بەهۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی کارەبا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP