هەواڵی ئەمڕۆ

بريتانيا: بەوردی چاودێری روداوی هێرشی سەر کەشتییەکانی گەروی هورمز دەکەین

- 6/13/2019 12:31:00 PM 5893 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان-
وتەبێژی حکومەتی بریتانیا رایگەیاند بەوردی چاودێری روداوەکانی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گەروی هورمز دەکەین.

بەپێی هەواڵێکی گاردیانی بریتانی، ئەمڕۆ پێنج شەمە پاش هێرشی سەر دو کەشتی نەوت هەڵگری زەبەلاح لە کەنداوی عومان، وتەبێژی حکومەتی بریتانیا رایگەیاند بەوردی چاودێری روداوەکانی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گەروی هورمز دەکەین.

وتەبێژەکەی حکومەتی بریتانیا ئاشکراشی کردوە لە ئێستادا لەپەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانمان و بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین.

هەر لەبارەی روداوەکەوە، کایلین بیچ ئابوریناسی بەناوبانگی جیهانی رایگەیاند روداوەکەی ئەمڕۆ مەترسی ئەوەی لێدەکرێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران قوڵتربکاتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دو کەشتی بارهەڵگری زەبەلاح لە کەنداوی عومان روبەڕوی هێرش بونەوە. 

لای خۆشییەوە رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە دو کەشتی نەوت هەڵگر بەهۆی روداوێکەوە بەتاڵکراون، بەڵام ستافی کەشتییەکان سەلامەتن.

رۆیتەرز ئەوەشی زانیوە دو کەشتییەکە یەکێکیان ئاڵای پاناما و ئەوی دیکەشیان ئاڵای ئاسلاندی هەڵگرتوە، تا ئێستاش زانیاری تەواو لەبارەی زیانەکانی ئەو دو کەشتیە و چۆنیەتی روداوەکە لەمیدیاکان بڵاونەکراوەتەوە.

دەستەی دەریایی بریتانی لە کەنداو پێشتر هۆشداری دابو لە روداوێکی مەترسیدار کە روبەڕوی کەشتیە بار هەڵگرە زەبەلاحەکان دەبێتەوە لەو ناوچەیە.

هاوکات، بەپێی نیویۆرک تایمز، رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بریتانیەکانی بریتانیاش  پێشوەختە هۆشداری دابو لە ئەگەری روداوێک بۆ سەر کەشتیە بار هەڵگرە زەبەلاحەکان لە کەنداوی عومان.

میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردوەتەوە، تەقینەوەیەک لە کەنداوی عومان چەند تانکەرێکی نەوتی کردوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی رونکردنەوەی زیاتر بڵاوبکەنەوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP