زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆنا دەرفەتی خوێندنی دو بڕوانامەییان راگەیاند

- 6/13/2019 10:27:00 AM 3039 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆنا هەواڵی دەستپێکردنی یەکەم دەرفەتی خوێندنی دو بڕوانامەییان راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی، لەگەڵ زانکۆی ئەریزۆنا هەواڵی دەستپێکردنی یەکەم دەرفەتی خوێندنی دو بڕوانامەییان راگەیاندوە، کە بەم دواییانە لەلایەن (ئەنجومەنی متمانەبەخشین بەپرۆگرامەکانی ئەندازیاری و تەکنەلۆجیا - ABET/Accreditation Board for Engineering and Technology) ەوە متمانەی دراوەتێ.
ئەو بڕوانامەیە دەکرێت بوار بۆ ئەو فێرخوازانە بڕەخسێنێت کە خوازیاری خوێندنن لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕوانامەیە دەکرێت بوار بۆ ئەو فێرخوازانە بڕەخسێنێت کە خوازیاری خوێندنن لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی، تا ببنە خاوەنی بەرزترین بڕوانامەی ئەندازیاری لەعێراق و کوردستاندا.
ئەو فێرخوازانەی لە بەرایی پاییزی ساڵی 2020 ەوە ناویان لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی تۆمار دەکرێت دەتوانن بڕوانامەی دواڵ لە ئەندازیاریی شارستانی و میکانیکیدا بەدەست بهێنن

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەو فێرخوازانەی لە بەرایی پاییزی ساڵی 2020 ەوە ناویان لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی تۆمار دەکرێت لەم بەرنامەیە، دەتوانن بڕوانامەی دواڵ لە ئەندازیاریی شارستانی و میکانیکیدا، لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆنا بەدەست بهێنن.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە چوارچێوەی ئەم هاوبەشییە نوێیەی نێوان هەردو زانکۆدا، وانەبێژانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی و مامۆستایانی بەناوبانگی ئەریزۆنا، وانەکان بەفێرخوازانی ئەم پرۆگرامە دەڵێنەوە، هەروەها "کامپێکی زانکۆیی بچوککراوە"ی سەر بەزانکۆی ئەریزۆنا، لە حەرەمی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانیدا دادەمەزرێت  بەمەبەستی پێشکەشکردنی وانەکانی ئەم پرۆگرامە کە جێگەی متمانەی (ئەنجومەنی متمانەبەخشین بەپرۆگرامەکانی ئەندازیاری و تەکنەلۆجیا - ABET/Accreditation Board for Engineering and Technology) یە. 
ناوی فێرخوازان لە هەردو دامەزراوەکە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆنا تۆمار دەکرێت

 

زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەشڵێت، "ناوی فێرخوازان لە هەردو دامەزراوەکە (زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆنا) تۆمار دەکرێت، لەکاتی دەرچونیشیاندا دەبنە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی دوانی لەهەردو زانکۆکەوە".

زانکۆی ئەریزۆنا ساڵی 1855 دامەزراوە، بایەخ بەتوێژینەوە دەدات، بەپێی ئەو ریزبەندییەی لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتیی پۆلێنکردنی زانکۆکانەوە ئەنجام دراوە، لەپلەی 52 هەمیندایە لەسەر ئاستی جیهان.

دکتۆر بروس واڵکر فیرگسون، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی رایگەیاندوە، "ئەم بڕوانامە دوانییە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و زانکۆی ئەریزۆناوە، بەشێکە لە پلانەکانی زانکۆمان بەرەو گەشەسەندن و هەڵکەوتویی و داهێنان".
فێرخوازان دەتوانن بڕوانامەی ئەمریکی لە ناوخۆی عێراقدا بەدەست بهێنن، بەتێچویەکی کەمی خوێندن و ئاسودەییەکی زۆر

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "فێرخوازان دەتوانن بڕوانامەی ئەمریکی لە ناوخۆی عێراقدا بەدەست بهێنن، بەتێچویەکی کەمی خوێندن و ئاسودەییەکی زۆر، لەنزیک خۆیانەوە، وێڕای ئەوەی ئەم پرۆگرامە ئەرکی زانکۆمان لە بەرهەمهێنانی دەرچوانی بەهرەمەندی لێوەشاوە ئاسانتر دەکات".
زانکۆی ئەریزۆنا زیاد لە سەدەیەکە خەریکی پێگەیاندنی باشترین ئەندازیارە لەجیهاندا

 

هاوکات پڕۆفیسۆر برنت وایت، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئەریزۆنا بۆ کاروباری خویندنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "زانکۆی ئەریزۆنا زیاد لە سەدەیەکە خەریکی پێگەیاندنی باشترین ئەندازیارە لەجیهاندا، بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو کارەی لەعێراق و کوردستاندا، بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی".

ئەوەشی خستەڕو، "دامەزراوەکەمان و زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی وەک دو هاوبەش  پابەندن بەکوالیتییەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP