جارێکی تر نرخی نەوتی خاو دابەزی

- 6/13/2019 10:14:00 AM 1866 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەهۆی بەردەوامی دابینکردنی نەوتی ئەمریکا بۆ عەمبارەکان و دابەزینی گەشەی ئابوری جیهانی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بۆ جاری دوەم لەماوەی دو رۆژی رابردودا بەڕێژەی لەسەدا 4 هاتە خوارەوە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنج شەمە نرخی نەوتی خاوی برێنت 6 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.1 دابەزیوە و بەو پێیەش نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە 59.91  دۆلاردا جێگیربو. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەمەی رابردو نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی لەسەدا 3.7 دابەزی و گەشتە 59.97 کە کەمترین نرخی خۆی بو لە 27ی حوزەیرانی رابردوەوە.

لەهەمان کاتدا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 8  سەنت و بە رێژەی لەسەدا  0.2 دابەزی و نرخەکەی لە  51.06 دۆلاردا جێگیربو. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوار شەمە بەڕێژەی لەسەدا 4 نرخەکەی دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێکی تەکساسی گەشتە 51.14 دۆلار و بەوەش کەمترین نرخی خۆی لە 14 ی مانگی حوزەیرانی رابردوەوە تۆمارکرد.

ئەوە لەكاتێكدایە، بەردەوامی سزای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر وەبەرهێنەرە نەوتییەکانی وەک ڤەنزوێلا و کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبوە.

هاوکات، بەهۆی ئەو سزایانەوە رێژەی نەوتی خاوی ئەمریكی لەبازاڕەکاندا زیادیکردوە و بەهۆیەوە ناوبەناو نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا دادەبەزێت.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP