له‌ سلێمانی بێكاران تۆمارده‌كرێن و هه‌لی كاریان بۆ دابین ده‌كرێت

- 6/13/2019 9:54:00 AM 20666 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ سنوری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمار ده‌كه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه، لەمڕۆشەوە پڕۆسەکە دەستپێدەکات و ناو تۆماركردنیش ته‌نها شەش رۆژ دەخایانێت.
به‌رنامه‌ و پلانێكی فراوان له‌ نێوان وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئه‌ڵمانی داڕێژراوه‌ 

 

دیار حه‌مید، نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی كاری سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، به‌رنامه‌ و پلانێكی فراوان له‌ نێوان وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئه‌ڵمانی داڕێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌نه‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكرێت كه‌ بێكارن به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی ناویان تۆمار دەکرێت خوێنه‌وار و نه‌خوێنه‌وار دەگرێتەوە، به‌ مه‌رجێك ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 18 بۆ 60 ساڵیدا بێت و فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت.
له‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌وە له‌ سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن ده‌ست پێده‌كات

 

دیار حه‌مید وتیشی، له‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌وە له‌ سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن ده‌ست پێده‌كات و رۆژی 13 و 16ی مانگ له‌ ناو ته‌لاری هونه‌ر ده‌بێت و رۆژانی 17،18،19،20 ناونوسین له‌ ناو پاركی ئازادی ده‌بێت.
دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت

 

نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم رونیکردەوە، دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌وڵ ده‌درێت هه‌لی كار بۆ ئه‌و بێكارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌لی كاریان بۆ دابین بكرێت. 

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، تۆماركردن بێبه‌رامبه‌ره‌ و بۆ هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌هۆی نه‌خۆشی و گه‌شته‌وه‌ ناویان تۆمار بكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆمار بكه‌ن.

دیار حه‌مید زیاتر وتیشی، هه‌ركه‌سێك دوباره‌ ناوی تۆمار بكات راسته‌وخۆ هه‌ردو ناوه‌كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ لاده‌برێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP