ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیایەکی عێراقیدا سەپاند

- 6/12/2019 5:56:00 PM 17690 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 کەمێک بەرلە ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیایەکدا سەپاندوە کە بنکە سەرەکییەکەی لە بەغدادی پایتەختی عێراقە و یارمەتی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی داوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیای نێودەوڵەتی (ساوز وێڵز) و لقەکانیدا سەپاندوە بەهۆی ئەوەی یارمەتی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی داوە و بەبەهای ملیۆنان دۆلار چەکی بەڕێگای قاچاغ گەیاندۆتە دەستیان.

ستیڤن منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد وڵاتەکەی هەنگاوی پێویستی ناوە بۆ رێگرتن لەو گروپ و تۆڕە هاوبەشانەی کە بەڕێگای قاچاغ چەک و پێداویستی سەربازی رادەستی سوپای قودس و هێزە سێبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن لەناوچەکەدا.

بەپێویستیشی زانی کەرتی دارایی و سیستمی دارایی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ رێگرتن لەو کۆمپانیا و گروپانەی کە تاکتیک و شێوازی نوێ دەدۆزنەوە بۆ یارمەتیدانی سوپای پاسداران و هێزە سێبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەلیسی تیرۆردان.

لەراگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەشکراوە ئەو کۆمپانیایە سودی لە یارمەتی و هاوکاری مەهدی موهەندیس وەرگرتوە بۆ رادەستکردنی چەک و پێداویستی سەربازی بە قاسم سولەیمانی.

نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP