سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی عومان

- 6/12/2019 5:53:00 PM 1373 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆککۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩/٦/١٢ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان یوسف بن عەلەوی و شاندێکی یاوه‌ری.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق کار بۆ ئەوەی دەکات کە فاکتەرێک بێت بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، نەک ھۆکارێک بۆ ناکۆکی و ململانێ، ھاوکات دووپاتیشی کردەوە کە عێراق و عومان، دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر ببینن بە سودوەرگرتن لە پێگەی گرنگی خۆیان بۆ کاری پێکەوەی و ھاوبەش سەبارەت بەکێشە و پێشهاته‌کان.

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، خۆشحاڵی خۆی بەکردنەوەی باڵیۆزخانەی عومان لە بەغدا دەربڕی و بەھەنگاوێکی ئەرێنی وه‌سفکرد بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات و  گەشەسەندنی ئابووری و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ ھەردوو گەلی دۆست.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عومان، دووپاتیکردەوە کە سەردانەکەی بۆ عێراق گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و یەکخستنی ھەڵوێستەکان سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP