هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئاسایشى هه‌ولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند

- 6/12/2019 3:50:00 PM 3403 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكیدا دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە لە ماوەیەكی زۆرە لەژێر چاودێری هێزەكانی ئاسایشی ئەو شارەدایە.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى هه‌ولێر ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك گومانلێكراوێك بە ماددەی هۆشبەر لە لایەن تیمەكانیانەوە خراوەتە ژێر چاودێریەوە، توانیویانە لە رێكەوتی 28ی ئایار-ی ئەمساڵدا ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەن.

بەپێی زانیاریەكانی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەكە خەڵكی شاری موسڵە و لەكاتی دەستگیركردنیدا بڕی چوار كیلۆ و 100 گرم ماددەی هیرۆین-ی پێبوە، كە لە شاری موسڵ بردویەتیە شاری هەولێر.

ئاماژە بەوەشكراوە، "تۆمەتبارەكە بە ماددەی 14ی ماددە بێهۆشكەرەكان راگیراوە و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستە رێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاسایشی هەولێر دڵنیایی داوەتە هاوڵاتیان و رایگەیاندوە "بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی تاوانباران هەمیشە لە ئامادەباشیداین"، هاوكات داوای لە هاوڵاتیانیش كردوە، لە ئەگەری بونی هەر زانیاریەك یاخود گومانێك بە زوترین كات بنكە و بارەگاكانی ئاسایش ئاگاداربكەنەوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP