فەرید ئەسەسەرد: پارتی هه‌مو ئه‌و ناوانه‌ی ره‌تكردوەته‌وه‌ كه‌ یەکێتی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك پێشكه‌شی كردون

- 6/12/2019 3:27:00 PM 17419 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ره‌تكردوەته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی پێشکەشی کردوە بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، دەشڵێت، "به‌ڵام بێ ئومێد نه‌بوین له‌وه‌ی كه‌ بگه‌ین به‌ ناوێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ پارتی".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "بابه‌تی به‌شداریكردنی یەکێتی له‌ حكومه‌ت بڕاوه‌ته‌وه‌ دو رێكه‌وتن هه‌یه‌ هه‌ردوكی واژۆكراوه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌ هه‌بێت ئه‌وا له‌سه‌ر كه‌ركوك و به‌غدایه‌ شتێك له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوه‌تی گه‌ڵاڵه‌ نه‌بوه‌".
شتێك له‌ نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ كه‌ هه‌ردولا ده‌یانه‌وێت

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان گرتوەته‌ ئه‌ستۆی خۆیان، شتێك له‌ نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ كه‌ هه‌ردولا ده‌یانه‌وێت، وه‌ده‌بێت حساب بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین، كه‌ له‌ناوخۆی یه‌كێتی هه‌ندێك گروپ هه‌ن كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی چاك بكه‌نه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ناو پارتیش ئه‌و گروپانه‌ هه‌یه‌ وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی-ش ئه‌و گروپ و كه‌سایه‌تیانه‌ هه‌ن".
یه‌كێتی به‌دڵنیایی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی ده‌وێت، چونكه‌ یه‌كێتی شه‌ش ئه‌ندامی كه‌ركوكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی هه‌یه‌

 

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت، "یه‌كێتی به‌دڵنیایی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی ده‌وێت، چونكه‌ یه‌كێتی شه‌ش ئه‌ندامی كه‌ركوكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی هه‌یه‌، له‌كاتێكدا له‌ناو پارتیدا هیچ كه‌س ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی كه‌ركوك بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عیراق نوێنه‌رایه‌تی كه‌ركوك ده‌كات یه‌كێتیه‌كانن، پارتی ناتوانێت داوای پۆستی پارێزگار بكات، ئه‌مه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ئێمه‌ داوای پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تمان نه‌كردوه‌ ئه‌وه‌مان بۆ حیزبی زۆرینه‌ جێهێشتوه‌".
به‌وجۆره‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌كه‌مان كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ زۆرینه‌ بێت

 

رونیشیکردەوە، "به‌وجۆره‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌كه‌مان كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ زۆرینه‌ بێت، ئه‌مه‌ ململانێ نیه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی، پارتی به‌داخه‌وه‌ نایه‌وێت بۆ یه‌كێتی بێ كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئومێده‌وارین كه‌ دوای ئه‌م پڕۆسانه‌ كه‌شێكی باشتر بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ پارتی نه‌ختێك له‌ تێڕوانینه‌كانی پێشوی واز لێ بێنێت و كارێكی وابكه‌ین كه‌ پێكه‌وه‌ كه‌سێكی دیاریكراو له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی ده‌ست نیشان بكه‌ین بۆ ئه‌و پۆسته‌".

پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردوەته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی پێی داوه‌ بۆ پۆستی پارێزگار

ئه‌وه‌شی وت، "پارتی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی ڕه‌تكردوەته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی داوێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام بێ ئومێد نه‌بوین له‌وه‌ی كه‌ بگه‌ین به‌ ناوێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌و ناوانه‌ی پێشكه‌شمان كردون هه‌مویان به‌شایسته‌ ده‌زانین، به‌ڵام هه‌وڵمان داوه‌ كه‌سێك هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌دڵی هه‌ردولا بێت".
هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال ئه‌و دو ناوه‌ن كه‌ له‌كۆتا جاردا داومانن به‌ پارتی

 

سه‌باره‌ت به‌و ناوانه‌ی كه‌ له‌ دواجاردا یه‌كێتی داوێتی به‌ پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی، "هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال ئه‌و دوو ناوه‌ن كه‌ له‌كۆتا جاردا داومانن به‌ پارتی، ئه‌گه‌ر ڕێكیش بكه‌وین له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دو ناوه‌ ڕێك ده‌كه‌وین، پێش ئه‌وه‌ش سێ ناومان دابو، پێش ئه‌وه‌ش چه‌ند ناوێكی ترمان دابو كه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بون".
به‌رده‌وام بونی بابه‌تی به‌غدا و كه‌ركوك كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌میش

 

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌مجاره‌ش به‌و ناوانه‌ ڕازی نه‌بوو یەکێتی چی ده‌كات ئه‌و ئه‌گه‌ره‌تان له‌به‌رچاو گرتوه‌؟، ئه‌سه‌سه‌رد دەڵێت، "خۆی ده‌بێت ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ بناغه‌یه‌ك دانانێ بۆ هاوكاری هه‌ردولا له‌به‌غدا، به‌رده‌وام بونی بابه‌تی به‌غدا و كه‌ركوك كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌میش."

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی كاریگه‌ریه‌كه‌ی ڕونكرده‌وه‌ و وتی، "كاریگه‌رییه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت له‌ناوخۆی هه‌رێم و وه‌ له‌ناو كابینه‌ی نۆیه‌م هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌، به‌ڵام به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ین."
ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین به‌دڵنیایی كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ نه‌توانین به‌رده‌وام بین له‌ حكومه‌ت

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر نه‌كرا؟ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتی، "ماوه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌مه‌ بۆ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین به‌دڵنیایی كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ نه‌توانین به‌رده‌وام بین له‌حكومه‌ت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP