سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت راسپارد

- 6/12/2019 2:39:00 PM 3453 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد، بەپێی یاسا 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکە. 

مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لە کۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبو بۆ پێکهێنانی حکومەت ناوزەد کرا، دوای ئەوەی لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە ناوەکەی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا.

مەسرور بارزانی لە 2ی ئازاری 1969 لە شاری ھەولێر لە دایک بوە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کوڕی گەورەی مەسعود بارزانییە.

مەسرور بارزانی ماوەیەک بۆ خوێندن چوەتە ئێران و لەوێ قۆناغی ئامادەیی خوێندوە و لەساڵی 1992 گەڕاوەتەوە کوردستان، دواتر بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس چوەتە بریتانیا و لەوێ لە بەشی زمانی ئینگلیزی خوێندویەتی، دواتریش لە ئەمریکا خوێندنی زانستە سیاسییەکانی تەواوکردوە.

مەسرور بارزانی لەساڵی 2005، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دامەزراندوە، کە رێخکراوێکی خێرخوازی و قازانج نەویستە، لە ساڵی 2013 دا زانکۆی ئەمریکی لە دھۆک کردوەتەوە و سەرۆکی فەخری زانکۆکەشە.

لە کۆنگرەی 13ی پارتی لە ساڵی 2010 مەسرور بارزانی وەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە هەڵبژێردرا، بەڵام وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هەڵبژێردرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP