توركیا: هەڵوێستی ئەمریكا لەگەڵ گیانی هاوپەیمانی نێوان هەردو وڵاتدا ناگونجێت

- 6/12/2019 2:29:00 PM 1008 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، ئەو زمانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی ئەنقەرەوە بەكاری دەهێنێت لەگەڵ گیانی هاوپەیمانی نێوان هەردو وڵاتەكەدا ناگونجێت.

دورخستنەوەی توركیا لە سیستەمی F-35 لەگەڵ گیانی هاوپەیمانی نێوانماندا ناگونجێت


هوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "زمانی ئەو لێدوانانەی سەبارەت دورخستنەوەی توركیا لە سیستەمی فڕۆكەی جەنگی F-35 لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا راگەیەندراوە، لەگەڵ گیانی هاوپەیمانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و توركیا ناگونجێت".

ئاكار وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە و لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەدا پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدەدات


ئاماژەی بەوەشكردوە، سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، پەیامێك ئامادە دەكات و لە چەند رۆژی داهاتودا رادەستی ویلایەتە یەكگرتوەكانی دەكات، راشیگەیاند "سبەی پێنجشەممە، لەگەڵ پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدەدات".

ئەو وتانەی هوڵوسی ئاكار لە وەڵامی راگەیەندراوێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پێنتاگۆن) دێت، كە دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، "بە شێوەیەكی فەرمی مەشقەكانیان بە فڕۆكەوانە توركەكان راگرتوە، كە لەماوەی رابردودا لە ویلایەتی ئاریزۆنا-ی ویلایەتە یەكگرتوەكان لەسەر سیستەمی فڕۆكەی F-35 مەشقیان پێدەكرا".

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان تا رێكەوتی 31ی تەمموز-ی ئەمساڵ مۆلەتی داوە بە حكومەتی ئەنقەرە، تا لە كڕینی سیستەمی موشەكی S-400ی روسی بكشێتەوە، لەوبارەیەوە لە دەرەنجامەكانی هەنگاوەكان بۆ كرینی ئەو جۆرە موشەكە هۆشداری داوە.

ئەو هەنگاوەی واشنتن لەكاتێكدایە، پێشتر چەندینجار لەبارەی كڕینی موشەكی روسی جۆری S-400 هۆشداریداوەتە توركیا و پێی راگەیاندوە "ئەو جۆرە چەكە بەرگریە لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆ (هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی) ناگونجێت، كڕینی ئەو سیستەمەش مەترسی لێدەكەوێتەوە".


دوای راگەیەندراوەكەی ئەمریكا و سەرەڕای گژریەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، دوێنێ سێشەممە یوری ئۆكشاف، یەكێك لە یاریدەدەرەكانی كۆشكی كرملین لە روسیا لەمیانی كۆبونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە ماوەی كەتر لە مانگێكدا و لە تەمموز-ی ئەمساڵدا سیستەمی موشەكی بەرگری جۆری S-400 رادەستی حكومەتی ئەنقەرە دەكرێت".


نیشانەکردن :

#ئەمریکا #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP