مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەت راده‌سپێردرێت

- 6/12/2019 11:52:00 AM 2730 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر
 
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێدەچێت ئەمڕۆ مه‌رسومی سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەت ده‌ربچێت، دەشڵێت، "هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی نه‌ماوه‌".

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی دوێنی كاندیده‌كه‌مان پێشكه‌ش كرا و له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ناوزه‌د كرا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رەوانەی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستانی کردوە بۆ ئه‌وه‌ی به‌ مه‌رسومێك داوا له‌ مه‌سرور بارزانی بكات كابینه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی 30 رۆژ پێكبهێنێت".
هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی نه‌ماوه‌ و سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌نجام دراون

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی نه‌ماوه‌ و سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌نجام دراون، ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان به‌ مه‌رسومێك بانگهێشتی سه‌رۆكی کابینەی نوێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌کە پێكبهێنێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و مه‌رسومه‌ ده‌رنه‌چێت ئه‌وا له‌ ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژی داهاتو مه‌رسومه‌كه‌ ده‌رده‌چێت".
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ربكات

 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت لە پەرلەمانی کوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ربكات و مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت رابسپێرێت.

مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لە کۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبو بۆ پێکهێنانی حکومەت ناوزەد کرا، دوای ئەوەی لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە ناوەکەی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP