"نیشانەی هاوڕێیەتی" ترەمپ و ماكرۆن وشك بو

- 6/12/2019 11:19:00 AM 1822 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو درەختەی سەرۆكی هەریەك لە وڵاتانی فڕەنسا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا وەكو نیشانەیەك بۆ هاوڕێیەتی هەردولا چاندیان وشك بو.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دیپلۆماتكارێكی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، ئەو درەختەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە لایەن هەریەك لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە باخچەی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكان چێندرا لە ئێستادا وشكی كردوە.

دوای تێپەڕبونی یەك هەفتە بەسەر چاندنی درەختەكە، كە وەك "نیشانەی هاوڕێیەتی" لە نێوان ترەمپ و ماكرۆن ناوی هێنرا، درەختە لە باخچەی كۆشكی سپی دیارنەما و بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانیش لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوەكرد، "بەهۆی ئەوەی توشی نەخۆشی بوە، درەختەكە گوازراوەتەوە بۆ یەكەی تەندروستی، تا نەگوێزرێتەوە بۆ روەكەكانی دیكە لە كۆشكی سپی".

دوشەممەی رابردو 10ی حوزەیران، بەرپرسێكی فرەنسی بە ئاژانسێكی هەواڵی وڵاتەكەی راگەیاند، "درەختەكە لە یەكی تەندروستی كۆشكی پی وشك بوە و مردوە".

ئەوەش داوی ئەوەدێت لە ماوەی رابردودا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی بازرگانی و ژینگەیی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران، ناكۆكی لە نێوان سەرۆكی فڕەنسا و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا دروستبوە.

مانگی نیسانی ئەمساڵ، دوای ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا لەگەڵ هاوژینەكەیدا سەردانی كۆشكی سپی كرد، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەكو نیشانەیەك بۆ هاوڕییەتی نێوان هەرد سەرۆك، درەختێكیان لە باخچەی كۆشكی سپیدا چاند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP