ئەپڵ: دەتوانین لە دەرەوەی چین بە رێژەی پێویست ئایفۆن دروست بكەین

- 6/12/2019 10:30:00 AM 2770 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لە ئەگەری فشارخستنە سەریان بەهۆی جەنگە بازرگانیەكەی ئەمریكا-چین، لە ئامادەباشیدان و دەتوانن لە دەرەوەی چین رێژەی پیویستی ئایفۆن دروست بكەن.
دەتوانین لە دەرەوەی چین رێژەی پێویستی ئەو بەرهەمە دروست بكەین

 
لە راگەیەندراوێكی كۆمپانیای ئەپڵ-دا هاتوە، "ئەگەر جەنگە بازرگانییەكەی نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی چین فشارمان بخاتە سەر تا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرهەمەكانی ئەپڵ بەكاربهێنن، دەتوانین لە دەرەوەی چین رێژەی پێویستی ئەو بەرهەمە دروست بكەین".

لەوبارەیەوە ئەپڵ رونیكردوەتەوە، كۆمپانیای تایوانی (فۆكسكۆن) كە یەكێکە لەو كۆمپانیایانەی پەیوەندی بە ئەپڵ-ەوە هەیە، دەتوانێت لە پیشەسازی وەبەرهێنانی بەرهەمەكانی ئەپڵ هاوكاریان بێت و رێژەیەكی پێویست لەو بەرهەمانە فەراهەم بكات بۆ بەكارهێنەرانی.

لە ئێستادا زۆرینەی رێژەی بەرهەمەكانی ئایفۆن لە وڵاتی چین وەبەردەهێنرێت

 

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی بلومبێرگ لەوبارەیەوە، لە ئێستادا زۆرینەی رێژەی بەرهەمەكانی ئایفۆن لە وڵاتی چین وەبەردەهێنرێت، بەڵام بەرپرسێكی باڵای كۆمپانیای فۆكسفۆن-ی تایوانی بە بەرپرسانی ئەپڵ-ی ئەمریكی راگەیاندوە، "تواناكانی كۆمپانیاكەی دەگاتە بەرهەمهێنانی لەسەدا 25ی خواستی بەكارهێنەرانی ئایفۆن، كە ئەو رێژەیەش بۆ رازیكردنی بازاڕی ویلایەتە یەكگرتوەكان گونجاوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، تا ئێستا داوا لە كۆمپانیا تایوانیەكە نەكراوە بەرهەمەكانی ئەپڵ وەبەربهێنێت، بەڵام لە ئەگەری زیاتربونی گرژیە بازرگانییەكانی نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتوەكان، ئەو كۆمپانیایە ئامادەیە بەرهەمەكانی ئایفۆن وەبەربهێنێت.

جەنگی بازرگانی نێوان واشنتن و پەكین دەبێتە هۆی پەككەوتنی بەشێك لە بەرهەمەكانی كۆمپانیاكە

 

ئەوە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردو، تیم كوك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، جەنگی بازرگانی نێوان واشنتن و پەكین دەبێتە هۆی پەككەوتنی بەشێك لە بەرهەمەكانی كۆمپانیاكە.

دوای ئەوەی دانوستانە بازرگانیەكانی نێوان چین و ویلایتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بێئەنجام مایەوە، تا ئێستا بەرەو چارەسەر لە لایەن هیچ لایەنێكەوە هیچ هەنگاوێك نەنراوە، ئەوەش بوەتە هۆی هەڕەشە  و مەترسی بۆ سەر كۆمپانیا گەورەكانی هەردو وڵات، وەك كۆمپانیای هواوی-تەكنەلۆژی چینی و كۆمپانیای ئەپڵ-ی ئەمریكی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP