"سزای داعشە فڕەنسییەکان کەمنەکراوەتەوە"
ئەنجومەنی دادوەری عێراق: سزای تاوانباران بە سەودای نێوان حکومەتەکان ناگۆڕدرێن

- 6/12/2019 8:30:00 AM 1175 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایدەگەیەنێت، رێکەوتن لە نێوان هەردو حکومەتی عێراق و فڕەنسا نەکراوە بۆ گۆڕینی سزای لە سێدارەدانی دەستگیرکراوە فڕەنسایـیەکانی داعش کە لە عێراق دادگایی‌ کراون.

عەبدولسەتار بەیرقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سزای تاوانباران لە عێراق بە سەودای نێوان حکومەتەکان ناگۆڕدرێن، ئەو سزایانەی دادگاکانی عێراق دەیانسەپـێنن تەنیا لەلایەن دادگای پـیاداچونەوە سەیردەکرێنەوە و بەپـێی یاسا ئەو دادگایە مافی ئەوەی هەیە رەزامەندی لەسەر سزاکان بدات یان بۆ سزایەکی دیکە بیانگۆڕێت بەپـێی دۆخی تاوانەکە".

ئەو راگەیەندراوەی بەیرقدار دوای ئەوە دێت کە پـێشتر ژمارەیەک ڕاپـۆرتی رۆژنامەوانی باسیان لە رێکەوتنێکی نێوان بەغدا و پاریس کرد بۆ سوککردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو فەڕەنسایـیانە.

دادگاکانی عێراق لە چەند مانگی رابردودا سزای لە سێدارەدانی بۆ 11 هاوڵاتی فڕەنسی دەرکرد کە ئەندامانی داعش بون و لە سوریا دەستگیرکرابون و دواتر ڕەوانەی عێراق کران تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP