زیانەكانی ئاگركەوتنەوە دەخرێتەرو
گەرمیان؛ لەمساڵدا رێژەی ئاگركەوتنەوە حەوت هێندە زیادیكردوە

- 6/11/2019 11:24:00 PM 1382 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - 

بەپێی راپۆرتێك ته‌نیا له‌مانگی ئایاری 2019، 250 ئاگر له‌ كێڵگه‌كشتوكاڵی و ڕوبه‌ره‌ به‌ دانه‌وێڵه‌ چێنراوه‌كانی سنوری گه‌رمیان كه‌وتوه‌ته‌وه.

لقی گه‌رمیانی نوسینگه‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان، راپۆرتی سه‌ره‌تایی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی ئەمساڵی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند،"سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوری پارێزگای دیاله‌ی عیراقدایه‌ و گه‌رمترین ناوچه‌ی كوردستانه‌ و به‌هۆی وه‌رزی پڕ بارانی ئه‌مساڵیشه‌وه‌ ساڵێكی پڕ پیت وپوش وپاوان ده‌گوزه‌رێنێت و بۆ هۆكاری تری شاراوه‌ ز ته‌واوی ناوچه‌كانی گه‌رمیان ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا ڕوبه‌ڕون، به‌جۆرێك ته‌نیا له‌مانگی ئایاری 2019، 250 ئاگر له‌ كێڵگه‌كشتوكاڵی و ڕووبه‌ره‌ به‌ دانه‌وێڵه‌ چێنراوه‌كانی سنووری گه‌رمیان كه‌وتوه‌ته‌وه".

بەپێی راپۆرتەكە، "ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ به‌ ئاستێك گه‌یشتوه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ 10  ڕۆژی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا 242 ئاگر له‌ سنوره‌كه‌ كه‌وتوه‌ته‌وه‌ و ئاگره‌كان سنوری 74 گوند و شاره‌دێی سنوره‌كه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌، واته‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 40 ڕۆژی ڕابردوی وه‌رزی گركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌مساڵدا 492 ئاگر له‌ گه‌رمیان كه‌وتۆته‌وه‌".

لە راپۆرتەكەشدا ئاشكرا كراوە كە "به‌پێی خه‌مڵاندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه‌دا 4000 دۆنمی چێنراو به‌ گه‌نم وجۆ سوتاوه‌ و له‌ناوچوه‌، كه‌ نیوه‌ی ئه‌م ڕوبه‌ره‌ كشتوكاڵیه‌ سوتاوه‌ له‌ سنوری خانه‌قین و قۆره‌تو و مه‌یدان بوه‌ و 1200 دۆنمی له‌ سنوری قه‌زای كفری و 800 دۆنمیشی له‌ سنوری قه‌زای كه‌لار بوه‌، له‌پاڵ سوتانی ئه‌و هه‌مو ڕوبه‌ره‌ به‌ دانه‌وێڵه‌ چێنراوه‌دا، به‌سه‌دان ته‌ن ئالیكی ئاژه‌ڵ و چه‌ندین باخ وسه‌دان داری زه‌یتون وهه‌نار و داری به‌ردار سوتاون".

ڕێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان به‌به‌راورد به‌ساڵی ڕابردو زیادیكردوه‌و بەپێی راپۆرتەكە" له‌ ماوه‌ی 40 رۆژی ساڵی ڕابردوی 2018 دا ته‌نیا 63 ئاگر له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان كه‌وتوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ ئه‌مساڵدا بۆ زیاتر له‌ حه‌وت هێنده‌ زیادی كردوه، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری هه‌بونی هۆكاری تر له‌ پشتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌هێز ده‌كات و ئیداره‌ی گه‌رمیانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی له‌ به‌رگری شارستانی وهێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ڕێگریكردن وبه‌دواداچون له‌ دیارده‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ پێكهێناوه‌".
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP