ترەمپ: نامەیەکی زۆر باشم لە سەرۆکی کۆریای باکورەوە بەدەستگەشتوە

- 6/11/2019 10:57:00 PM 7339 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند نامەیەکی زۆر باشی لە کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکورەوە بەدەستگەشتوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەمە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا  لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور، لەکۆشکی سپی، بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند نامەیەکی زۆر باشی لە کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکورەوە بەدەستگەشتوە.
لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا هەندێک شتی ئەرێنی رودەدەن

ترەمپ زانیاری زیاتری لەبارەی ناوەرۆکی نامەکەی سەرۆکی کۆریای باکور نەدرکاند، بەڵام جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە نامەیەکی زۆر باش و دڵخۆش کەرە و لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا هەندێک شتی ئەرێنی رودەدەن".

لەئێستادا ئەمریکا دەیەوێت کۆبونەوە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ کۆریای باکور دەستپێبکاتەوە کە ئامانج لێی دەستهەڵگرتنی ئەو وڵاتەیە لەپرۆگرامە ئەتۆمییەکانی لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەری.

دواین جار لەمانگی شوباتی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکور لەشاری هانۆی ڤێتنام کۆبونەوە و دوای چەند کاتژمێرێک و پێش وادەی دەستنیشانکراوی خۆی، بەبێ ئەنجام، کۆبونەوەکەیان جێهێشت.

ئەم وتەیەی ترەمپ رۆژێک دوای راپۆرتەکەی ۆڵ ستریت جێرناڵ دێت کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردبو کیم جۆن نامی زڕبرای سەرۆکی کۆریای باکور بەتۆمەتی گەیاندنی زانیاری بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکی لە فرۆکەخانەی کولا لامپور لەمالیزیا لەلایەن رژێمی کۆریای باکورەوە کوژراوە.

لەبارەی کوشتنی زڕبراکەی کیم جۆن ئەونیشەوە، ترەمپ رایگەیاند " من کیم دڵنیا دەکەمەوە کە ئەو جۆرە کارانە لەژێر دەسەڵاتی مندا رونادات".

مەبەستی ترەمپ کاری سیخوڕییە لەلایەن وڵاتەکەیەوە دژبە سەرۆکی کۆریای باکور.
کیم جۆن ئون پابەندبوە بەبەڵێنەکانی

لەکۆتایدا ترەمپ وتیشی کیم جۆن ئون پابەندبوە بەبەڵێنەکانی لەبارەی تاقینەکردنەوەی موشەکی ئەتۆمی.
 

نیشانەکردن :

#كۆریای باكور

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP