عارف قوربانی: وتارەکەی سەرۆک کۆمار کێشە و ململانێ ناپێویستەکانی تێپەڕاند

- 6/11/2019 10:17:00 PM 13406 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عارف قوربانی، نوسەرو رۆژنامەنوسی دیاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"وتارەکەی سەرۆک کۆمار کێشە و ململانێ ناپێویستەکانی تێپەڕاند، دەشڵێت،"ئاساییبونەوەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و سەرۆک کۆمار یارمەتیدەر دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک".

بەشداری سەرۆک کۆمار پێویست بو بۆ شکاندنی ئەو لەمپەرو کۆسپەی لەنێوان ھەولێرو سەرۆک کۆماردا ھەبو، کردنەوەی دەرگایەکە بەروی چارەسەری کێشەکاندا

 

عارف قوربانی، نوسەرو رۆژنامەنوسی دیاری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی تایبەت بۆ خەندان، لەبارەی بەشدارییكردنی سەرۆك بەرهەم لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و پێشكەشكردنی وتارێك رایگەیاند،"بەشداری سەرۆک کۆمار پێویست بو بۆ شکاندنی ئەو لەمپەرو کۆسپەی لەنێوان ھەولێرو سەرۆک کۆماردا ھەبو، کردنەوەی دەرگایەکە بەروی چارەسەری کێشەکاندا".

پێویستە ئەو دەرگایە بەردەوام بەکراوەی بمێنێتەوە، تا لێکگەیشتن یارمەتیدەربێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی تری نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتیش بۆ بەھاناوەچونی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر کە کێشەکانیان بەرەو ئاڵۆزی دەچێت

 

عارف قوربانی دەڵێت،"پێویستە ئەو دەرگایە بەردەوام بەکراوەی بمێنێتەوە، تا لێکگەیشتن یارمەتیدەربێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی تری نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتیش بۆ بەھاناوەچونی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر کە کێشەکانیان بەرەو ئاڵۆزی دەچێت". 

وتارەکەی د بەرھەم تێپەڕاندنی ئەو کێشانەبو بە پێزانین و بەرز راگرتنی رۆلی سەرۆک بارزانی و داواکردنی ئەوەی لەداھاتوشدا رۆلی ھەبێ لەپشتیوانی و ھاوکاریکردنی ھەردولا

 

ئەو نوسەرە بۆچونی وایە كە پێشتر بەھۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار جۆرێک لە ساردی و لەھەمانکاتدا ململانێ بەردەوام بو، رایگەیاند،"ئەوە ھەم زیانی بە سومعەی کورد گەیاندبو بەشێوەیەکی گشتی وە زیانی بە پێگەی سەرۆک کۆمارو ھەرێمیش گەیاند، وتارەکەی د بەرھەم تێپەڕاندنی ئەو کێشانەبو بە پێزانین و بەرز راگرتنی رۆلی سەرۆک بارزانی و داواکردنی ئەوەی لەداھاتوشدا رۆلی ھەبێ لەپشتیوانی و ھاوکاریکردنی ھەردولا".

 قۆناغی کێشە و ململانێ ناپێویستەکانی تێپەڕاند و قۆناغێکی تازەی ھێنایەپێش کە دەکرێت ھەردولا لێی سودمەندبن

 

عارف قوربانی وتیشی،"تەئکیدکردنەوە بە گرتنەبەری سیاسەتی ھەماھەنگی نێوان ھەولێرو بەغدا، خستنەرووی ئەو حەقیقەتەی کە بەھێزبونی ھەولێر بەھێزبونی بەغدایە، وە بەھێزبونی بەغداش خزمەت بەپێگەی ھەرێم دەکات. زۆر تەمومژ و نیگەرانی رەواندەوە. دەکرێت بڵێم قۆناغی کێشە و ململانێ ناپێویستەکانی تێپەڕاند و قۆناغێکی تازەی ھێنایەپێش کە دەکرێت ھەردولا لێی سودمەندبن".

دەبێ رەنگدانەوەو لێکەوتەکانی ئیتر لەھەولێرو بەغدا رەنگ بداتەوە، چی بەوەی لەمەودوا تیمی کوردی لەبەغدا یەکگرتوتربن و ھەولێریش ناوەندی کۆکەرەوەو کۆمەککاری ھەمویان بێ

 

لەبارەی لێكەوتەكانی وتارەكەی سەرۆك بەرهەم لە مەراسیمەكەی هەولێر، قوربانی دەڵێت،"دەبێ رەنگدانەوەو لێکەوتەکانی ئیتر لەھەولێرو بەغدا رەنگ بداتەوە، چی بەوەی لەمەودوا تیمی کوردی لەبەغدا یەکگرتوتربن و ھەولێریش ناوەندی کۆکەرەوەو کۆمەککاری ھەمویان بێ".

ئاساییبونەوەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و سەرۆک کۆمار یارمەتیدەر دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک

 

ئەو رۆژنامەنوسە دیارەی هەرێمی كوردستان پێیوایە كە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی بەشێکی پەیوەندی بە کێشەکانی بەغداوە ھەبو وتی،"ھێشتا مەسەلەی کەرکوک لەنێوانیان ماوەتەوە، پێویستە بەگیانی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو کێشەیەش چارەسەربکەن، پێموایە ئاساییبونەوەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و سەرۆک کۆمار یارمەتیدەر دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک".

ھەردولا درکیان بەو راستیە کردوە کە قۆناغی داھاتو پێشھات و ئەگەرە چاوەروانکراوەکان ھەماھەنگی و رۆحی پێکەوەیی دەخوازێت

 

لە كۆتایشدا رایگەیاند،"ھەردولا درکیان بەو راستیە کردوە کە قۆناغی داھاتو پێشھات و ئەگەرە چاوەروانکراوەکان ھەماھەنگی و رۆحی پێکەوەیی دەخوازێت".

رۆژی 10 ی حوزەیران، لە شاری هەولێر، سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، بەشداریی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و تیایدا وتارێكی پێشكەشكرد و لە وتارەكەیدا وێڕای تیشكخستنە سەر رۆڵی هەریەك لە مەسعود بارزانی و مامجەلال و نەوشیروان مستەفا، تەئكیدیشی كردەوە كە پێشخستنی ئەم وڵاتە پێویستی بە یەكگرتویی و هەماهەنگی نێوان هەمو هێزەكانە لە سەرتاسەری وڵاتدا.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP