بەپەلە

قوباد تاڵەبانی لەسەر روداوەكەی گردی زەرگەتە پەیامێكی بڵاوكردەوە

- 6/11/2019 4:53:00 PM 58190 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵه‌بانی‌، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لەسەر روداوەكەی شەوی رابردوی گردی زەرگەتە، لە پەیامێكدا رایگەیاند،"یەكێتی هێرشی نەكردۆتە سەر گۆڕان".

قوباد تاڵەبانی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وەڵامی نوسەرێك دەداتەوە كە یەكێتی تۆمەتباركردوە بە هێرشكردنە سەر گۆڕان و پێی دەڵێت"رێزم لە ئێوە گرتوە تەنانەت ئەگەر هاوڕاو هاوبۆچونی یەكتریش نەبوبین كە زۆرجاریش وابوە، شەوی رابردو یەكێتی هێرشی نەكردۆتە سەر گۆڕان، بابەتەكە لەژێر لێكۆڵینەوەی پۆلیسدایە".

پێموابو كە ئێوە ئەوەندە پرۆفێشناڵ و ئەكادیمیانە كار دەكەن كە بتوانن زانیاری تەواو لەسەر هەر بابەتێك بەدەست بخەن پێش ئەوەی خەڵكی دیكە تۆمەتبار بكەن

 

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان دەشڵێت،"بەدڵنیاییەوە پۆلیس راگەیەندراوێك لەو بارەیەوە بڵاودەكەنەوە و حالەتەكە روندەكەنەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت،"پێموابو كە ئێوە ئەوەندە پرۆفێشناڵ و ئەكادیمیانە كار دەكەن كە بتوانن زانیاری تەواو لەسەر هەر بابەتێك بەدەست بخەن پێش ئەوەی خەڵكی دیكە تۆمەتبار بكەن".
 
شەوی رابردو لە روداوێكی ئاڵۆزو تەمومژاویدا، پاسەوانێكی بزوتنەوەی گۆڕان كوژرا، لەو بارەیەوە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند،  كاتژمێر  1 و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە ، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردۆتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بوە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆیەوە هاوڵاتی (ڕ، ف) برینداربوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی تۆمەتبار كرد بە روداوەكە.


نیشانەکردن :

#قوباد تاڵەبانی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP