سەرۆک بەرهەم لەگەڵ باڵیۆزانی عێراق لە تورکیا و چیک و ئیمارات کۆبوەوە

- 6/11/2019 3:49:00 PM 2271 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا  بەبۆنەی دەستپێکردنی ئەرکە نوێیەکانیانەوە پێشوازیکرد لە باڵیۆزانی نوێی عێراق لە ھەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و کۆماری چیک و دەوڵەتی ئیمارات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم  ئاماژەی بە ھەوڵەکانی عێراق کرد بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە  لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان لە گشت بوارە جیاجیاکاندا بەمەبەستی بەھێزکردن پێگەی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک بەرهەم جەختی لە گرنگی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیانی عێراق لە تاراوگە و واڵاکردنی دەرگای باڵیۆزخانەکان لە بەردەم ھاونیشتمانیاندا کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لای خۆیانەوە باڵیۆزانی نوێ، پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانییەکانی  سەرۆک کۆمار دەربڕی، جەختیشیان کردەوە، لە بە جێگەیاندنی ئەو ئەرکە نیشتمانیەی کە پێیان سپێردراوە بەباشترین شێوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP