ڤیدیۆ.. فیلێك پرسە بۆ بەچكەكەی دادەنێت

- 6/11/2019 2:06:00 PM 31044 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گرتە ڤیدیۆی فیلێكی دایك و بەچكە مردوەكەی كە لە لایەن بەرپرسێكی حكومی فەرمانگەی ژینگەی سروشتی هیندستانەوە  بڵاوكراوەتەوە، بوە جێی سەرنجی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.

ئەو گرتە ڤیدیۆییە كە لە ناو یەكێك لە دارستانەكانی هیندستان تۆماركراوە، فیلێكی دایك-ی تێدا دەردەكەوێت كە لاشەی بەچكە مردوەكەی هەڵگرتوە و سەرەڕای ئەوەی گیانی تێدا نەماوە بەڵام ئامادە نیە لاشەكەی بەجێبهێڵێت.

دوای ئەوەی فیلە دایكەكە لاشەی بەچكەكەی لە لایەكی شەقامێكی ناو دارستانەكەوە دەپەڕێنێتەوە بۆ ئەوبەر بۆ چەند ساتێك لەبەردەمیدا دەوەستێت، ژمارەیەك فیل-ی دیكە لێی نزیك دەبنەوە و وا دەردەكەوێت سەرجەمیان بە مەبەستی ماتەمینی و پرسە كۆبونەتەوە.

دواتریش دوبارە لاشەی بەچكە فیلەكە هەڵدەگرن و بەرەو ناو دارستانە رێدەكەون.

بە وتەی شارەزایان، ئەو فیلانەی تەمەنیان دەگاتە نزیكەی 70 ساڵ، هەست و سۆزێكی بەهێزیان بۆ نزیكەكانیان هەیە، بەتایبەتی لەكاتێكدا بۆ ماوەیەكی زۆر یەكدی دەناسن.

ئەوەش ئاشكرایە فیل یەكێكە لەو ئاژەڵانەی لاشەی مردوەكانی دەهێڵێتەوە و ناوبەناویش بە مەبەستی یادكردنەوەیان، سەردانی روفاتەكانی نزیكەكانیان دەكەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP