سلێمانی؛ ده‌ستبه‌سه‌ر 250 ده‌مانچه‌دا گیرا

- 6/11/2019 11:19:00 AM 3623 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگەیاند، به‌هۆی هه‌بوونی سپرنگی به‌هێز و پارچه‌یه‌ك ئاسن تێیدا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك یاری ده‌مانچه‌ی منداڵدا گرتوە و داواش له ‌دایكان و باوكان دەکات به‌ وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌ ئاگاداری منداڵه‌كانیان بن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی سێی سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ گەڕەکی چوارباخ ده‌ستی به‌سه‌ر زیاتر له‌ 250 ده‌مانچه‌ی موروی منداڵانه‌دا گرتووه كه‌ به‌هۆی هه‌بوونی سپرینگه‌ به‌هێزه‌كه‌یه‌وه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر منداڵ و به‌ركه‌وتنی به‌ركه‌وتنی چاو یان ئه‌ندامێكی ناسكی تر له‌له‌شی ئه‌و منداڵانه‌ی یاری پێده‌كه‌ن‌ دروستده‌كات.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌كاتی دروستكردنه‌كه‌یدا پارچه‌ ئاسنیان بۆ قورسكردنی كێشی ده‌مانچه‌كه‌ به‌كارهێناوه‌ و به‌ساغی له‌ ده‌سكی ده‌مانچه‌كه‌ دانراوه‌، واده‌كات له‌كاتی به‌ركه‌وتنی به‌ شوێنێكی منداڵ مه‌ترسی له‌ شكانی له‌شییدا دروست بكات.

به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنیه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و یاریانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕو، "داوا له‌دایكان و باوكان ده‌كه‌ین به‌ وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌ ئاگاداری منداڵه‌كانیان بن له‌ كڕینی ئه‌و جۆره‌ یاریانه‌ و له‌كاتی هه‌بونیدا له‌ دوكانی گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه"‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP