لەبارەی بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم رونکردنەوە دەدرێت

- 6/11/2019 9:30:00 AM 177641 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی دوێنێ دوشەممە لە شاری سلێمانی بوە و نەچوەتە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

کەناڵی گەلی کوردستانی فەرمی یەکێتی بڵاویکردوەتەوە، "چەند سایت و پەیجێكی سێبەر لە بەردەوامی درۆ شاخدارەكانیاندا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە گوایە بافڵ جەلال تاڵەبانی چوەتە هەولێر و بەڵام بەشداری لە رێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكردوەو گەڕاوەتەوە سلێمانی".
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر لەناو شاری سلێمانیدا بوە و بەهۆی سەرقاڵبونی زۆریەوە بەكاری حزبی و رێكخراوەیی نەچوەتە شاری هەولێر 

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر لەناو شاری سلێمانیدا بوە و بەهۆی سەرقاڵبونی زۆریەوە بەكاری حزبی و رێكخراوەیی نەچوەتە شاری هەولێر و دەرەوەی سلێمانی".
دوێنێ لە مەراسیمێکدا نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد

 

دوێنێ دوشەممە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی بەرپرسانی کوردستان، عێراق و جیهان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، تیایدا نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد.

لە مەراسیمەکەی دوێنێدا جگە لە شاندی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی تیمی ئەو حزبە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد.

28ی ئایاری رابردو نێچیرڤان بارزانی، بە دەنگی 68 پەرلەمانتار لە کۆی 81 پەرلەمانتاری ئامادەبو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکەی پەرلەمانی کرد، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە یەکێتی پێداگری لەسەر دەکات و دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا یەکلایی بکرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP