نرخی نەوتی خاو بە جێگیری مایەوە

- 6/11/2019 9:17:00 AM 1682 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پێشبینیەكان بۆ بەردەوامی رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) لە كەمردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، بوەتە هۆی جێگیربونی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا.

بەردەوامی ئۆپیك لە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، هاوكات لەگەڵ خاوبونەوەی گەشەی ئابوری حیهان كە كاریگەریەكی گەورەی لەسەر كەمبونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو هەیە، بوەتە هۆی جێگیربونی نرخەكانی ئەو بەرهەمە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتوەتە 62.36 دۆلار، ئەو نرخەش 7 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 1 لە سەر و نرخەكانی هەینی رابردو، رێكەوتی 7ی حوزەیران-ەوەیە. 

نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا گەیشتوەتە 53.42 دۆلار، كە 16 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 3 لە سەر و نرخەكانی هەینی رابردوەوەیە.

بەشێوەیەكی گشتی، نرخەكانی نەوتی خاو لە داخستی پێشودا بە رێژەی لەسەدا 1 دابەزی و نرخی برێنت بە رێژەی لەسەدا 20 دابەزینی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی لە نیسان-ی ئەمساڵدا بەرزترین ئاستی لە نرخەكانیدا تۆماركرد.

دوێنێ دوشەممە، هەریەك لە ئۆپیك وڵاتانی هاوپەیمانی (ئۆپیك+) رایانگەیاند، "بە هۆكاری نیگەرانیەكان لەبارەی خاوبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان، لەكاتێكدا كەمبونەوەی خواست لەسەر بەرهەمەكە ئاشكرایە، لەسەر بەردەوامبونمان لە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنەكانی نەوت بۆ تەواوی ساڵەكە، لە داهاتویەكی نزیكدا بڕیاردەدەین".

هاوكات دوێنێ دوشەممە عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند، "پێویستە هەریەك لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و روسیا بەردەوامبن لە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە ئێستادا"، ئەوەش بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت. 

لە هەمانكاتدا بەردەوامی و زیاتربونی گرژیی و ئاڵۆزیەكان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆكارێكی دیكەی سەرەكیە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، گرژیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی ڤەنزوێلا و ئێران بەردەوامی هەیە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP