سێ سەرۆکایەتیەكەی عێراق كۆبونەوە
پێویستە کابینەی حکومەت تەواوبكرێت و وتاری فەرمی دەرەوەی وڵات یەكبخرێت

- 6/9/2019 9:45:00 PM 2528 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ھەر سێ سەرۆکایەتی عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەئامادەبونی سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران د. عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار، كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، "لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئاسایش و یاسادانان لە وڵاتدا کرا، ھاوکات گفتوگۆ لە بارەی گرنگی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لە پیناو بەدیھێنانی خواستەکانی ھاوڵاتیان کرایەوە". 
بەرجەستەکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لە نێوان ھەمو پێکھاتەکان و بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا

 

سەبارەت بە بارودۆخی ھەردو شاری کەرکوک و دیالە، راگەیەندراوەكە دەڵێت،" جەخت لە پێویستی خستنەگڕی گشت ھەوڵەکان کرایەوە بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگای گفتوگۆی ڕاستەخۆ و بەرجەستەکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لە نێوان ھەمو پێکھاتەکان و بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا".

هاوڕابون لە سەر پێویستی ھەماھەنگی لە نێوان ھەر سێ سەرۆکایەتیدا بۆ یەکخستنی وتاری فەرمی و پیادەکردنی ئاڕاستەیەکی میانڕەو لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراقدا

 

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق، هاوڕابون لە سەر پێویستی ھەماھەنگی لە نێوان ھەر سێ سەرۆکایەتیدا بۆ یەکخستنی وتاری فەرمی و پیادەکردنی ئاڕاستەیەکی میانڕەو لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراقدا.

ھەر لە درێژەی کۆبونەوەکەدا، باس لە دوا پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان کرا و ئاماژەش بەڕێگاچارەی گونجاو بۆ دورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە لە قەیران و ململانێکان کرایەوە، ھەروەھا تیشک خرایە سەر بەشداریکردنی عێراق لە ھەردو کۆنگرەی لوتکەی نائاسایی عەرەبی و ئیسلامی کە لە شارەی مەککەی پیرۆز ئەنجام دران و ھەڵوێستی عێراقیش سەبارەت بەقەیرانەکانی ئێستا و ھەڵوێستی عێراق لە کۆنگرەکەدا کە گوزارشت بو لە ھەڵوێستی دەوڵەتی عێراق بەگشتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی و لەھەمان کاتیشدا کۆدەنگی عێراق بو سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP