توێژینەوەیەكی نوێ پێشبینی کۆتایهاتنی شارستانیەتی مرۆڤ دەکات لە 30 ساڵی داهاتودا

- 6/8/2019 7:16:00 PM 14196 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

توێژینەوەیەكی نوێی شیكاری لەبارەی گۆڕانی كەش و هەوا رایگەیاندوە "وا پێدەچێت شارستانیەتی مرۆڤ لە ساڵی 2050 دا كۆتایی پێبێت"ئەگەر هەنگاوی جددی بەرەو چارەسەركردن نەنرێت.

توێژینەوەیەكی شیكاری ئوسترالی رایگەیاندوە "گۆڕانی كەشوهەوا مەترسیەكە لە بواری ئاسایش و سەقامگیریدا كە لە ئێستادا بونی هەیە، كە هەرەشەیە بۆ لەناوچونی ژیاری زەوی و گەشەسەندنەكانی داهاتوی ئەو هەسارەیە".

بەپێی ناوەرۆكی توێژینەوەكە "جیهان لەسەر رێگەیەكە بەرەو كۆتاییهاتن بە ژیار و شارستانیەتی كۆمەلگە پێشكەوتوەكان".

ئاماژە بەوەشكراوە "پێدەچێت لە كۆتایی ساڵی 2050دا سیستەمەكانی ژیانی مرۆڤایەتی بگەنە خاڵێك كە گەڕانەوەی نەبێت، بەشێوەیەك پێشبینیدەكرێت هەسارەی زەوی چیدی نەتوانرێت ژیانی تێدا بەڕێبكرێت و سەرجەم نەتەوە و ژیارەكان لەناوبچێت".

بەو هۆیەوە، توێژینەوەكە داوادەكات بە شێوەیەكی بەرفراوان سەبارەت بە سەرچاوە سروشتیەكانی زەوی باری نائاسایی رابگەیەندرێت، هاوشێوەی ئەو بارە نائاساییەی كە لە جەنگی جیهانی دووەمدا راگەیەندرابو".

بەشێكی دیكە لەو هەنگاوانەی توێژینەوەكە بە مەبەستی چارەسەری كێشەكە خستویەتیە رو، داڕشتنەوەی پلانێكی تۆكمەیە بۆ بەكارنەهێنانی و بەرهەمنەهێنانی دوان ئۆكسیدی كاربۆن لە كارەكانی بیناسازیدا، تا ریژەی ئەو گازە لە كارە پیشەسازیەكاندا بگاتە سفر.

ئامانج لەو هەنگاوانە گەیاندنی پلەی گەرمی جیهان بە 1.5 پلەی سیلیزی، لەكاتێكدا راپۆرتی پێشوتریاندا رایانگەیاندبو پێویستە پلەكانی گەرمبونی زەوی بگاتە سێ پلەی سیلیزی.

توێژینەوەكە دەڵێت "تەنانەت گەر پلەی گەرمیەكە بگاتە دوو پلەی سیلیزی، پێویستدەكات لانیكەم زیاتر لە نیو ملیار دانیشتوی سەرزەوی بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەسارەكە، چونكە ئاستی لەناوچونی ژیار و شارستانیەتی مرۆڤ زیاترە لەوەی پێشبینیدەرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP