هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

جه‌خت لە گرنگی ھەماھەنگی عێراق و وڵاتانی ئەوروپی کرایه‌وه‌
سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لەوەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

- 6/8/2019 5:52:00 PM 1360 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح, ئەمڕۆ شەممە ۲۰۱۹/٦/۸ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ھایکو ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا  وشاندی یاوه‌ری.

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاندی میوان دەربڕی و جه‌ختی لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە ئه‌زموون و شاره‌زایی لە پێناوی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و پیشەسازیدا، ھاوکات ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردنی عێراقی لەبوارە جیاجیاکان و ھەروەھا پشتیوانی ئەڵمانیای بۆ گەلی عێراق، بەتایبەتی لە پرۆسەی کۆمەککردن ئاوارەکان بەرزنرخاند .

له‌ درێژه‌ی دیداره‌که‌دا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەھەڵوێستی عێراق کرد لەبارەی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و پێشھات له‌ ناوچەکەدا، ھاوکات جه‌ختی لە دیدی نەگۆڕی عێراق کردەوە، سەبارەت بە قەیرانەکانی ناوچەکە ، که‌ بریتیه‌ لە به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای عێراق.

سەرۆککۆمار روونیکردەوە کە دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی جێگیر و بەھێزکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی و له‌به‌رچاوگرتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان باشترین ڕێگا چارەیە بۆ دورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە لە ئەگەری به‌ریه‌ک که‌وتن ململانێ .

ھەروەھا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق  له‌سه‌ر  بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش وسەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا ره‌فتار ده‌کات.

سه‌رۆککۆمار باسی  لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان کرد، لەپێناوی زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و دورکەوتنەوە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ئەڵمانیا کرد  لە پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەپێناوی ئایندەیەکی باشتر بۆ ناوچەکە.  

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی لەپشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارەکاندا  و بەھەند وەرگرتنی ئەڵمانیای لە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری دوو قۆڵی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا دووپاتکردەوە، ھاوکات ڕۆڵی سەرەکی عێراقیشی لەپێناوی بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتی وئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرزنرخاند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP