پەرستارێكی ئەڵمانی لەبەردەم دادوەر دان بە كوشتنی 100 نەخۆشدا دەنێت

- 6/7/2019 1:49:00 PM 22309 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرستارێك لە ئەڵمانیا، بە تۆمەتی كوشتنی 100 نەخۆش برایە بەردەم دادگا و دانی بە تاوانەكەیدا نا، بەرپرسانیش پێیانوایە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی بە دەستی ئەو پەرستارە كوژراون لە ماوەی پێنج ساڵدا رەنگە بگاتە 300 نەخۆش.

بە ئەنقەست 100 نەخۆشی كوشتوە


نییڵس هۆیگل، تەمەنی 45 ساڵە و پێشتر لە دو نەخۆشخانە لە باكوری ئەڵمانیا كاریكردوە، لە ماوەی كاركردنیدا بە ئەنقەست 100 نەخۆشی كوشتوە كە لەژێر چاودێری ئەودابون.

بە مەبەستی ئەوەی لە پیشەكەیدا خۆی وەكو پاڵەوانێك دەربخات ئەو كارەی ئەنجامداوە 

 


هۆیگل بەو مەبەستەی لە پیشەكەیدا خۆی وەك پاڵەوانێك دەربخات، رێژەیەكی زیاد لە پێویست دەرمانی داوە بە نەخۆشەكانی تا دڵیان لەكاربكەوێت و دواتر هەوڵی داوە نەخۆشەكان بگەڕێنێتەوە ژیان، بەڵام بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كەس گیانیانلەدەستداوە.

لە بەردەم دادگای ئۆڵدنبورگ لە ئەڵمانیا،چوارشەممەی رابردو 5ی حوزەیران هۆیگل دانینا بە تاوانەكانیدا و داوای لێبوردنی لە قوربانیەكانی و كەسوكاری سەرجەمیان كرد، راشیگەیاند "هەست بەوەدەكات بە هۆی خواستە ترسناكەكەیەوە، تا چەند بوەتە هۆی دروستكردنی خەم و ئازار".

لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە بە گەورەترین بكوژی ئەڵمانیا دادەنرێت


بەپێی زانیاریەكان، لە ماوەی ساڵانی 1999 بۆ 2002 نییڵس هۆیگل، لە شاری ئۆلدنبورگی باكوری ئەڵمانیا لە نەخۆشخانەیەك كاری كردوە و دواتر لە نەخۆشخانەیەكی دی لە دێلمێنهۆرست لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2005 كاریكردوە، لەو ماوەیەشدا كارە مەترسیدارەكانی ئەنجامداوە، كە ئاژانسەكانی ئەڵمانیا و جیهان لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوەكردوە "لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە، هۆیگل بە گەورەترین بكوژ-ی ئەڵمانیا دادەنرێت".

نازناوی (رامبۆی ژیانەوە)ی لێنراوە

 


لە لێكۆلینەوەكاندا هاتوە، هەندێك جار هۆیگل لە كارەكەیدا سەركەوتو بوە و بەو هۆیەوە هاوڕێ و هاوپیشەكانی نازناوی "رامبۆی ژیانەوە"یان لێناوە، ئاماژە بەوەشكراوە تەمەنی ئەو نەخۆشانەی بونەتە قوربانی ئەو تۆمەتبارە لە نێوان 34 بۆ 96 ساڵیدا بوە.

دادوەری لێكۆڵەر لە دۆسیەكە، بە زمانێكی توند ئیدانەی كارەكەی كرد و بە تاوانبارەكەی راگەیاند "ئەو كارەی كردویەتی بە هیچ وشەیەك پێناسە ناكرێت"، دواتر داوایكرد "سەرجەم ئەو كەسانەی لەو ماوەیەدا پۆستیان هەبوە ببرێنە بەردەم دادگا و لێكۆلینەوەیان لەگەڵ بكرێت".

زیندانی هتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە


سەبارەت بە بڕیاری دادگا لەسەر دۆسیەكەی هۆیگل، دادوەر رایگەیاند "پێویستە ئەنجامدەری ئەو كارە مەترسیدارە بە سزای خۆی بگات" بەپێی زانیاریەكانیش سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر تاوانبارەكەدا سەپێندراوە".


نیشانەکردن :

#ئه‌ڵمانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP