سێ ناوی نوێ بۆ پارێزگاری كەركوك پێشكەشدەكرێت
خەندان ناوی هەردو شاندی یەكێتی و پارتی ئاشكرادەكات

- 6/7/2019 1:30:00 PM 102532 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە لەم دورۆژەدا یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆببنەوە، خەندان ناوی شاندی دانوستانكاری یەكێتی و ئەو سێ ناوە ئاشكرا دەكات كە بڕیارە یەكێتی وەك كاندیدی خۆی پێشكەشی پارتیان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك.

لەم دو رۆژەدا، كۆبونەوەیەكی باڵا لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت

 

مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان تەنها سێ رۆژی ماوە و هێشتا یەكێتی و پارتی نەگەیشتونەتە رێكەوتن، خەندان زانیویەتی، لەم دو رۆژەدا، كۆبونەوەیەكی باڵا لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و لە دەرئەنجامی ئەو كۆبونەوەیە یەكێتی بڕیاریی بەشدارییكردن لەو مەراسیمە دەدات، هەر بەپێی زانیاریەكانی خەندان، یەكێتی سێ ناوی نوێ پێشكەشی پارتی دەكات بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بڕیاردراوە هەریەك لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەرسەلان بایز، بافل تاڵەبانی) لە شاری هەولێر لەگەڵ پارتی كۆببنەوە 

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە تیایدا هەریەك لە جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح ئامادەی بون، بڕیاردراوە هەریەك لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەرسەلان بایز، بافل تاڵەبانی) لە شاری هەولێر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە بەمەبەستی گەیشتنە رێكەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو دەسەڵاتێكی بڕیاردان دراوە بە نێچیرڤان بارزانی و شاندی دانوستانی پارتی.

یەكێتی لە كۆبونەوەی كۆتایی هیچ شاندێكی دروستنەكردوە تا دانوستان لەگەڵ پارتی بكات

 

لەو بارەیەوە عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ خەندان رایگەیاند،"یەكێتی لە كۆبونەوەی كۆتایی هیچ شاندێكی دروستنەكردوە تا دانوستان لەگەڵ پارتی بكات".

لەئێستادا هەرسێ ئەندامی شاندەكەی یەكێتی لە شاری هەولێرن و چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ یاخود سبەی، لە شاری هەولێر شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ پارتی كۆببنەوە

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لەئێستادا هەرسێ ئەندامی شاندەكەی یەكێتی لە شاری هەولێرن و چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ یاخود سبەی، لە شاری هەولێر شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ پارتی كۆببنەوە و سێ ناوی نوێ پێشكەشی ئەو حزبە بكەن بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

هەریەك لە (خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی كەركوك و د.عومەر ئینجە، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و كادیری پێشكەوتوی یەكێتی) ئەو سێ ناوە نوێیەن كە یەكێتی پێشكەشی پارتیان دەكات

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە هەریەك لە (خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی كەركوك و د.عومەر ئینجە، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و كادیری پێشكەوتوی یەكێتی) ئەو سێ ناوە نوێیەن كە یەكێتی پێشكەشی پارتیان دەكات بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

بڕیارە رۆژی 10 ی حوزەیران، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی داوایكرد كە ئامادەی مەراسیمی سوێند خواردنەكە بێت.

هەر بەپێی زانیاریەكانی خەندان، لە رۆژانی جەژندا، لە چەند پەیوەندیەكی تەلەفۆنی نێوان، مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و چەند بەرپرسێكی دیكەی بڕیاربەدەستی نێوان یەكێتی و پارتی، لەپاڵ جەژنە پیرۆزە، پرسی بەشدارییكردنی یەكێتی لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پۆستی پارێزگاری كەركوك گفتوگۆیان لەسەركراوە.

خەندان ئەوەشی زانیوە كە هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و كەمال كەركوكی و فرسەت سۆفی، گفتوگۆ لەگەڵ شاندە باڵاكەی یەكێتی دەكەن بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو دەسەڵاتێكی بڕیاردان دراوەتە جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەڵبژێردراو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

خەندان سەبارەت بەو پرسە، پەیوەندی كرد بە ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی، بەڵام ئامادەنەبون هیچ لێدوانێك بدەن.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP