پۆلیسی هه‌ولێر ئاماری روداوەكانی سێ رۆژی جەژنی راگەیاند

- 6/6/2019 9:22:00 PM 1887 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ئاماری روداوەكانی سی رۆژی جەژنی رەمەزانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ ئارامترین جه‌ژن بو".

ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماری روداوه‌كانی سێ رۆژی جه‌ژنی رەمەزانی بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،  "جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئارامترین جەژن بوە و بە بەراورد بە جەژنەكانی پێشو رودای كەم لە شارەكەدا رویداوە".

سەبارەت بە ئاماری روداوەكان وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، "له‌ ماوەی سێ رۆژی جه‌ژندا ته‌نها یه‌ك حاڵه‌تی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان هه‌بوه‌، كە دوو كه‌س به‌ ناوی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵێك و دواتر هەردوكیان لە ده‌ستگیركراون و دۆسیه‌ی لێكۆلینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌".

راشیگەیاند "له‌ ماوەی سی رۆژی رابردودا  ته‌نها دو روداوی هاتوچۆ رویانداوه‌ و لەو دو روداوەدا دو كه‌س بریندار بون و هیچ زیانێكی گیانی تێدا نەبوە".

هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی جه‌ژندا زیاتر له‌ 53 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی شاری هه‌ولێریان كردوه‌ و هه‌مو ئاسانكاریه‌ك بۆ ئەو گەشتیارانە ئەنجامدراوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP